ڤیدیۆ.. تەها قادر واز لە کاری هونەری دەهێنێت

ھونەرمەندی گۆرانیبێژی لاو تەھا قادر تازەترین ڤیدیۆ کلیپی خۆی بڵاوکردەوە و دەشڵێت" واز لە گۆرانی وتن دەهێنێت". 

تەها قادر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام دوای بڵاوکردنەوەی دوایین بەرهەمی خۆی بە ناوی (کراس کوردی)، ڕایگەیاند" دەمەوێت پێتان رابگەیێنم كە ڤیدیۆ كلیپی (كراس كوردی) دواین بەرهەمی هونەری گۆرانی ووتنی منە بۆ ئێوەی خۆشەویست و هیوادارم لە ماوەی پێشوو توانیبێتم خزمەتێك بە هونەری كوردی بكەم و هەنگاوێك بەرەوپێشەوەی ببەم".

وتیشی" هەواداران و كارەكانمان شایەدی ئەوەمان بۆ دەدەن كە گۆڕانكاری زۆرمان ئەنجامدا و چەندین ریكۆردمان بە یەكەوە لە ڤیدیۆ كلیپ و كۆنسێرت و ئاهەنگەكان تۆماركرد، هیوادارم ئەو بەرهەمانەی لە ماوەی پێشوو پێشكەشمانكردن وەكو یادگاریەكی جوان بمێنێتەوە لاتان". 

تەها قادر ڕاشیگەیاند" داوای لێبووردن لە گوێگران و هەواداران دەكەم و خۆشەویستی و پشتگیری ئێوە و خێزانەكەم و هاوڕێیانم نەبایە سەركەوتنەكان زۆر قورس دەبوون و نەدەگەیشتین بە ئامانجەكان، داوای لێبووردن لە هەر كەسێك دەكەم كە بە ناڕاستەوخۆ و بەبێ مەبەست دڵمان هێشاندوون، هونەری گۆرانی حەز و بەهرەیەكی لە مێژینەم بوو و سوپاس بۆ خودا تێیدا گەیشتم بە لووتكە و سەركەوتوو بووم، هیوا دەخوازم لە سێكتەرێكی تری ژیان بتوانم خزمەتان بكەم و رەنگی من ببینن". 

تەھا قادر خەڵکی شاری سۆرانە، دەرچووی کۆلێژی ئەندازیارییە و خاوەنی چەندین گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپە، شێتە گیان یەکێکە لەو گۆرانیانەی کە لە ٢٠١٨ بڵاویکردەوە و بینەرێکی زۆری ھەبوو.


PM:01:15:18/06/2024