وێنە.. ئەکتەرێکی کەنەدی کۆچی دوایی کرد

ئەکتەری بەناوبانگی کەنەدی دۆناڵد سازەرلاند، لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا دوای نەخۆشییەکی درێژخایەن کۆچی دوایی کرد.

ئەم هەواڵە لەلایەن کوڕەکەیەوە کیفەر سازەرلاند، لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە ڕاگەیەندرا کە تێیدا هاتووە" بە دڵێکی پڕەوە هەواڵی کۆچی دوایی باوکم دۆناڵد سازەرلاندتان پێڕادەگەیەنم، من باوەڕم وایە کە ئەو یەکێک لە گرنگترین ئەکتەرەکانی مێژووی سینەمایە". 

دەشڵێت" هیچ ڕۆڵێکی باش، خراپ و ناشرین، هەرگیز نەیترساند، ئەو کارەی خۆشدەویست کە دەیکرد". 

هەروەها لای خۆشیەوە جەستن ترودۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وێستڤیل باسی لە کۆچی دوایی سازەرلاند کرد و وەبیری هێنایەوە کە هەستی بە "شۆک" کردووە کاتێک بۆ یەکەمجار سازەرلاندی ناسیووە. 

ڕاشیگەیاند" ئەو پیاوێک بوو لە پیشەکەیدا سەرکەوتوو بوو، و بەڕاستی هونەرمەندێکی گەورەی کەنەدی بوو". 

سازەرلاند ساڵی ١٩٣٥ لە شاری سانت جۆن لە ویلایەتی نیو برانسویک لە کەنەدا لە دایکبووە، ساڵی ١٩٥٧ پێش ئەوەی وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت بۆ لەندەن، لە ئەکادیمیای مۆسیقا و هونەری دراماتیک لە لەندەن خوێندوویەتی، پاشان ڕۆڵی بچووکی لە فیلم و تەلەفزیۆنی بەریتانیادا بینیووە. 

ئەو ئەکتەرە کەنەدییە لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە کاری نواندن کردووە و لە ژمارەیەک بەرنامەی تەلەفزیۆنی و فیلمدا بەشداریکردووە، لە کۆتاییەکانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ناوبانگێکی بەرفراوانی بەدەستهێنا لە ڕێگەی فیلمەکانی وەک (پاڵەوانەکانی کێلی ساڵی ١٩٧٠ و ئێستا سەیر مەکە) کە بە یەکێک لە باشترین فیلمە ترسناکەکانی دەروونی دادەنرێت.

هەروەها بە درێژایی ژیانی هونەری خۆی کۆمەڵێک خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە، لەوانە خەڵاتی ئۆسکاری فەخری لە ساڵی ٢٠١٧، سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی دۆناڵد سازەرلاند چالاک و داهێنەرانە مایەوە کە بەردەوام بوو لە پێشکەشکردنی نمایشی جیاواز کە بینەر و ڕەخنەگران بە هەمان شێوە سەرنجیان ڕادەکێشا. 


PM:06:45:21/06/2024