وێنە.. خانمە هونەرمەندێک بۆ جارێکی دیکە هاوسەرگیری فەرمی خۆی ڕاگەیاند

گۆرانیبیژی بەناوبانگی لوبنان و عەرەب نەجوا کەرەم بەشێوەیەکی جیاواز ئاشکرایکرد کە بۆ جارێکی دیکە هاوسەرگیری کردووەتەوە. 

نەجوا كەرەم لە میانی بەشداریکردنی لە كۆنسێرتێکدا لە رۆمانیا کە تێیدا عەزییەکی سپی پۆشی بوو، وتی" جلەکەم مانای زۆری بۆ من هەیە، سپییە و زۆرم حەز لەم رەنگەیە".

وتیشی" ڕەنگی جلەکەم چیرۆکێکی تایبەتی هەیە و ڕەنگی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەمە كە هەمان عەزیم پۆشیبوو". 

هەرچەندە نەجوا كەرەم دوای بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەكی دیکەی لەبارەی هاوسەرەكەی بڵاونەكردەوە، بەڵام میدیاكان دەڵێن كە هاوسەرەکەی ناوی (عومەر دهمانی)یە و ١٥ ساڵ لە نەجوا بچووکترە و خەڵكی ئیماراتە، هەروەها كاری بازرگانی دەكات و زیاتر لە ساڵێكە هاوسەرگیریان كردوە.

نەجوە کەرەم لە ٢٦ شوباتی ١٩٦٦ لە دایکبووە، بەشی فەلسەفەی خوێندووە و گۆرانیبێژێکی دیاری لوبنانیییە، بە یەکێک لە بەناوبانگترین ھونەرمەندەکانی جیھانی عەرەبی دادەنرێت، لە ھەشتاکانی سەدەی بیستەم دەستی بە کاری هونەری کردووە، لە ساڵی ١٩٨٥ بەشداری لە پرۆگرامی (شەوانی لوبنان) کردووە و مەدالیای زێڕی بەدەستھێناوە.

لە ساڵی ١٩٨٩ یەکەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی (یا ھەبایب) بڵاوکردەوە، پاشان دووەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی (خۆری دەوڵەمەندەکان) لە ساڵی ١٩٩٢ بڵاوکردەوە، لە ساڵانی دواتردا چەندین ئەلبومی دیکەی بڵاوکردەوە کە بە خۆری گۆرانی لوبنانی ناوبانگی دەرکردووە. 

نەجوا بۆ یەکەمینجار لە ساڵی ٢٠٠٠ ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ یوسف حەرب پێکهێنا، سێ ساڵ دواتر جیابوەوە.


AM:09:00:03/07/2024