ڤیدیۆ.. هەردی سەلامی لەسەر بردنی بەرهەمێکی سکاڵای یاسایی لەسەر هونەرمەندێک تۆماردەکات

بەرهەمی (جەزاب) کە تێکست و ئاوازی هونەرمەندی گۆرانیبێژی لاوی کورد هەردی سەلامییە، لە لایەن گۆرانیبێژێكی فارسەوە دەوترێتەوە، هەردی سەلامی لەوبارەوە نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت" سكاڵا تۆمار دەكەم". 

هەردی سەلامی لەبارەی بردنی بەرهەمەکەی و وتنەوەی لە لایەن هونەرمەندێکی فارسەوە، لە هەژمارە تایبەتەکانی خۆی ڕایگەیاندووە" گۆرانی جەزاب بە بێ رەزامەندی من لەلایەن هونەرمەندێکی فارسەوە وتراوەتەوە و لە گەورەترین کەناڵی یوتیوبی بەرهەمە فارسییەکان بڵاوکراوەتەوە". 

دەشڵێت" لە لایەکەوە دڵخۆشین بەوەی کە بەرهەمەکانمان سنووری کوردستانیان تێپەڕاندووە و دووبارە دەکرێنەوە بە زمانی تر، بەڵام بەو پێیەی کە هیچ ئاماژە بە ناوی ئێمە نەدراوە و هەوڵیان نەداو کە رەزامەندی وەربگرن، بە دڵنیاییەوە بە یاسایی وڵامیان دەدەینەوە". 

بەرهەمی جەزاب یەکێکە لە گۆرانیە دیارەکانی هەردی سەلامی کە لە تێكست و ئاوازی خۆیەتی، لە كۆتاییەكانی ساڵی ٢٠٢١ بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ پێشکەشی هەوادار و بیسەرەکانی کرد، تائێستاش ١٠ ملیۆن بینەری هەیە. 

هەردی سەلامی لە ساڵی (١٩٨٧) لە سلێمانی لەدایكبووە و خاوەنی چوار براو سێ خوشكە، دەرچووی بەشی شانۆیە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، دواتر دەستی بە کاری هونەری کردووە و چەند ساڵێکە ژیانی هاوسەری لەگەڵ پەریسا موکری پێکهێناوە. 

هەردی سەرەتا کاری دەرهێنانی کردووە و چەند ساڵێکیشە سەرقاڵی گۆرانییە و لە ماوەیەکی کەمدا ناوبانگێکی زۆری دەرکردووە. 


PM:04:05:25/07/2024