سیلین سەرپێچی لە نەخۆشییەکەی دەکات و له‌ ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی‌ ئۆلۆمپیدا گۆرانی دەڵێت

خانمه‌ هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی ناوداری كه‌نه‌دی سیلین دیۆن کە ماوەی چوار ساڵە بەشداری هیچ کۆنسێرتێکی نەکردووە و لە دنیای هونەر دوورکەوتوەتەوە، بەهۆی تووشبونی بە نەخۆشییەکی مەترسیدار، بەڵام لە میانی کردنەوەی ئاهەنگی ئۆڵۆمپیدا بەشداری کرد و گۆرانییەکی پێشکەشی بە ئامادەبوان کرد. 

سیلین دیۆن له‌ ساڵی ٢٠٢٠ه‌وه‌ له‌ كۆنسێرت دووره‌، له‌ میانی كردنه‌وه‌ی‌ ئۆلۆمپیاد له‌ وڵاتی فه‌ڕه‌نسا مارشی خۆشه‌ویستی (L'hymne a l'amour)  وته‌وه‌ له‌ پاریس، له‌ كاتێكدا ئه‌م خانمه‌ توشی نه‌خۆشییه‌کی مەترسیدار بووە و به‌هۆیه‌وه‌ توانای وتنی گۆرانی نه‌ماوه‌ و ئەمەش وای لێکرد لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان کۆنسێرت لە سەرانسەری جیهان هەڵبوەشێنێتەوە و لە دنیای هونەر دوور بکەوێتەوە. 

جەستن ترۆدۆ سەرۆك وەزیرانی كەنەدا لەبارەی ئامادەبوونی سیلین لە ئۆڵۆمپیادی پاریس، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێكس) ڕایگەیاند" سیلین زۆر دڵ خۆشم کە جارێکی تر دەبینم گۆرانی دەڵێیتەوە". 

وتیشی" دیۆن توانیویەتی زۆر هەنگاوی گەورە ببڕێت تا لە كردنەوەی ئۆڵۆمپیاد ئامادەیی هەبێت، بۆیە دڵخۆشین كە لەو بۆنەیە گۆرانیمان بۆ دەڵێت". 

سیلین دیۆن لە ئێستادا تەمەنی گەیشتووەتە (٥٦) ساڵ، لە ساڵی (١٩٩٦)یش بە گۆرانیوتن یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی پاریسی كردەوە.

سیلین گۆرانیبێژێکی پۆپی کەنەدییە و بەهۆی دەنگە بەهێزەکەی و بەهرەی گۆرانی وتنەوە زۆر بەناوبانگە، تا ئێستاش وەک بە ناوبانگترین هونەرمەندی کەنەدی و یەکێک لە باشترین هونەرمەندەکانی جیهانە.


PM:12:38:30/07/2024