هونەرمەندی گۆرانیبێژی دیاری کورد بەهجەت یەحیا دوو بەرهەمی نوێی بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.
بەهجەت یەحیا لە كەناڵی یوتویبی تایبەتی خۆی هەردوو بەرهەمە نوێیەكەی بە ناوی (گوڵ لە گوڵستان و گۆزەکەی خیام) پێكەوە بڵاوكردەوە.
بەرهەمی (گوڵ لە گوڵستان) هۆنراوەی بێسارانییە و پیرەمێردی شاعیر وەریگێڕاوەتە سەر زاراوەی سۆرانی، هەروەها بەهجەت یەحیا خۆی ئاوازەكەی بۆ داناوە و ئارام سەرداری كاری میوزیكی بۆ ئەنجامداوە.
هەروەها (گۆزەکەی خیام) هۆنراوەی خیامە، هونەرمەند خۆی ئاوازەكەی بۆ داناوە، گۆران وەریگێڕاوە بۆ كوردی، ئارام سەردار كاری میوزیكی بۆ کردووە.
بەهجەت یەحیا ساڵی (١٩٦٥) لە شاری سلێمانی لە دایكبووە و لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە کاری هونەری کردووە، خاوەنی چەندین ئەلبووم و گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپە.