ڤیدیۆ.. نەجمەدین غوڵامی لە دووەمین ساڵیادی شۆڕشی (ژن ژیان ئازادی) پەیامێکی بڵاوکردەوە

هونەرمەندی ناوداری کوردستان نەجمەدینی غوڵامی لەبارەی دووەمین ساڵیادی شۆڕشی (ژن ژیان ئازادی) پەیامێکی ڤیدیۆی نوێی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا پشتگیری لە مانگرتنی سەرتاسەری دەکات. 

نەجمەدین غوڵامی لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە" گەلی تێکۆشەری کورد، بنەماڵەی سەربەرزی گیان بەختکردووان و زیندانییانی سیاسی، وەک دەزانن ١٦ی ئەیلول دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر شۆڕشی (ژن ژیان ئازادی)".

دەشڵێت" بەم بۆنەیەوە من پشتیوانی خۆم دەردەبڕم بۆ مانگرتنی سەرتاسەری، داوا لە کوردستانییانی خۆشەویست دەکەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پشتیوانی ئەم مانگرتنە بکەن لە پێناو ئازادی و دیموکراسی، بژی ژن بژی ژیان و بژی ئازادی".

ئەوەشی خستەڕوو، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەردەوامە و سەردەکەوێت، سەرکەوتن بۆ گەلی کوردە و گرەوی سەرکەوتنی گەلی کورد لە یەکگرتندایە.

نەجمەدین غوڵامی لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە سەرەتا بە گۆرانی (گەڕیان ڕیتمی حەوت لەسەر هەشت) کە لە سنە باو بووە دەستیپێکردووە، خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌لبوم گۆرانى و چەندین كلیپه‌ وێڕاى دانانى ئاواز بۆ به‌رهه‌مه‌كانى و چەندین سرودی نیشتیمانی هەیە، هەروەها لەگەڵ کچێکی خاڵیدا ژیانی هاوسەرگیری پێکھێناوە و خاوەنی دوو کوڕن بە ناوەکانی (ھێرش و ھێژا).


AM:09:08:14/09/2024