فەتانە وەلیدی هونەرمەندی ناسراوی کورد کۆچی دوایی کرد

فەتانە وەلیدی هونەرمەندی ناسراوی کورد ئەمڕۆ ٢٤ی ئەیلوول  لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.

فەتانە محەممەد شەریف وەلیدی  ناسراو بە فەتانە وەلیدی لە ساڵی ١٩٥٣ لە شاری سنەی  ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بوو.

فەتانە وەلیدی ھەر لە منداڵیەوە ڕووی کردە ھونەری مۆسیقا و ئاواز و توانی ببێتە یەکێک لە ژنە ڕچەشکێنەکان لە مەیدانی ھونەر و مۆسیقای کوردی.

 باوکی فەتانە گۆرانیبێژ بووە و کەمانی ژەنیوە، ھەر لە منداڵیەوە فەتانە لەلای حەسەن کامکار دەست بە فێربوونی وانەکانی میوزیک دەکات.

لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستی بە گۆرانی وتن کرد و لە ڕادیۆی سنە گۆرانییەکانی تۆمار دەکرد، بۆ ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی کوردی، گۆرانیی وتن تەنانەت بۆ پیاوانیش وەکو کارێکی نەشیاو سەیردەکرا، بەو ھۆیەوە فەتانە ڕووبەڕووی جۆرەھا توانج و تانە بوویەوە.

فەتانە وەلیدی یەکێک لە یەکەمین گۆرانیبێژانی ژنی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو کە دواتر بووە ئیلھامبەخشی ژمارەیەک لە ھونەرمەندانی ژن و تەنانەت پیاوی تر لە کوردستان.

لەو ساڵانەدا فەتانە وەلیدی بە هەژاری ژیانی تێپەڕ دەکرد و لە کاتێکدا چەنس ساڵێک بوو تووشی نەخۆشی فەرامۆشی گرتبوو ،  ئەمڕۆکە ٢٤ی ئەیلوول لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.
 




PM:08:41:24/09/2024