رووداو
شەوی رابردوو قۆناغی كوتایی بەرنامەی "زە ڤۆیس جونیور"ی دانیمارك لە كـۆپنهاگنی پایتەخت، بە بەشداری ئەلەند شێروان، كە خەڵكی شاری دهۆكە، بەرێوەچوو و ئەلەند نازناوی ساڵی 2014ـی ئەو پێشبركێیەی بەدەستهێنا.
ئەلەند شێروان محەممەد سەعید، لە ساڵی 2000 لە خێزانێكی كوردی باشوور، لە دانیمارك لە دایكبووە. ئێستا قۆتابی پۆلی هەشتەمە و خولیای میوزیك و گۆرانیی گوتنە. ئەو بە دەنگە خۆشەكەی توانی لە نێوان شەش هەزار بەشداربووی بەرنامەی پێشبڕكێی دەنگخۆشەكانی "زە ڤۆیس جونیور" كە تایبەتە بە گەنجان، متمانەی لیژنەی هەڵسەنگاندنی بەرنامەكە بەدەستبهێنێت و سەرنجی خەڵكی لە سەر توانا هونەرییەكانی بۆ خۆی رابكێشێت.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی كوتایی بەرنامەكە، شێروانی باوكی ئەلەند، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ تۆری میدیایی رووداو راگەیاند كە:" دڵخۆشین ئەلەند ئەو نازناوەی وەرگرتووە و پاڵپشتی ئێمە وەك هەموو قۆناغەكانی ئەو پێشبڕكێیە بۆ كوڕەكەمان بەردەوام دەبێت".
شێروان محەممەد لە بەردەوامی قسەكانیدا گوتی:" بە گشتی زیاتر لە شەش هەزار كەس بەشداری ئەو پێشبركێیەیان كردووە و تەنیا 28 كەس بۆ قۆناخەكانی كوتایی لە لایەن لیژنەی هەڵسەنگاندن دەستنیشاندەكرێت و لە بەرنامەی كوتاییدا سێ بەشداربوو ركابەرییان لە سەر نازناوەكە كرد، سوپاس بۆ خوا ئەو نازناوە بە ئەلەند بەخشرا".
یەكێك لەوانەی پشتگیری لە ئەلەند كردووە، رێنمایی و راهێنانی دەنگی پێداوە، هونەرمەندی میوزیكژەن دڵشاد محەممەد سەعید بوو، كە لە هەمان كاتدا مامی ئەلەندە.
دڵشاد محەممەد لە پەیوەندییەكدا لەگەڵ رووداو گوتی:"لە سەرتاوە راهێنانی دەنگ و گۆرانی گوتنم بە ئەلەند كردووە، بێجگە لەوەی، كە برازای منە، ئەو لە هەمان كاتدا خاوەن دەنگێكی خۆشە".
ئەلەند لەگەڵ بەدەستهێنانی نازناوی ساڵی 2014ـی ئەم پێشبڕكێیە، خەڵاتێكی 50 هەزار كڕۆنی دانیماركی و گەشتێكی خێزانییش بە ئەلەند و خانەوادەكەی بەخشرا.