نوسەر و لێکۆڵەری کورد فاروق رەفیق لە شوقەکەی خۆیدا لە یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر کۆچی دوایکرد و ئێستا تەرمەکەی لە پزیشكی دادی هەولێرە.
سێ شەممە، ٢٨ نیسان ٢٠٢٦، بە پێی زانیارییەکانی سپی میدیا، شەو رابردوو تەندروستی فاروق رەفیق باشبووە، بڕیاربوو ئەمڕۆ وانە بە خوێندکارەکانی لە بارەی فەلسەفەوە، بەڵام لە کاتی خۆیدا ئامادە نەبووە، دوای ئەوەی پەیوەندی پێوەکراوە و بێ وەڵام بووە، دواتر سەردانی شوێنی نیشتەجێبوونەکەی کراوە لە پرۆژەی نیشتەجێبوونی ئیمپایەر و هیچ وەڵامێک ناداتەوە، کە دەرگاکە دەکرێتەوە دەبینن کۆچی دواییکردوە.
فاروق ڕەفیق یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانی کوردستان کە نزیکە نیو سەدەیە دەنوسێت و، بە دیدگا ڕەخنەییەکانی و کارکردنی لەسەر چەمکی فەلسەفە ناسراوە.
فاروق ڕەفیق لە ساڵی ١٩٥٩ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە و خوێندی سەرەتای و ئامادەی لە سلێمانی تەواوکردووەو دواتر لە بەغدا زانکۆی تەواوکردووە، دواتر چۆتە دەرەوەی وڵات و لە کەنەدا نیشتەجێبووەو دەستی بەخوێندن و نووسین کردووە.
نوسەر و لێکۆڵەر خاوەنی چەندان کتێب و وتار لە گۆڤارەکان و بەرنامەکانی تیڤی و وانەی فەلسەفیی بووە بە خوێندکارانی خوولە فەلسەفییەکان، هەروەها ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ناسراوی ( رەهەند ) بووە، ئەم ناونیشانانەی خوارەوە ژمارەیەکە لە کتێبە چاپکراوەکانی:
- پاکس ئەمەریکانا
-(سەردەمی هەیمەنەی ئەمەریکی - چاوپێکەوتن لەگەڵ فاروق رەفیق، سازدانی ناسک قادر) - ٢٠٠٢
- غەمە جڤاتیەکان (٢ بەرگ) ٢٠٠٦-٢٠٠٨
- ئاشتکردنەوەی عەقڵ و عیشق (پەروەردەی لیبڕاڵ و ئاکاری مەدەنی)
- یەک کاتژمێری ماوە بۆ نیوە شەو - ٢٠٠٩
- هوونەری عیشق - ٢٠١٠
- داستانەکانی خۆرهەڵات لەبەردەم ئاوێنەی زاتی خوادا (شێعر)- ٢٠٠٦
- فەلسەفە و ژیان- ٢٠٠٩
- هوونەری فەلسەفە (هوونەری فەلسەفە وانەیەکی مێتافیزیکیانەیە) - ٢٠١٠
- وێستگەیەک لە گەشتێکی فەلسەفی - ٢٠١١