عەدنان کەریم نوێترین بەرهەمی بڵاوکردەوە


هونەرمەندی گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر عەدنان کەریم، نوێترین گۆرانی بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بە شێوەزاری کرمانجی بڵاوکردەوە.

گۆرانیەکەی عەدنان کەریم بە ناوی "سبە رابە" هۆنراوەی جگەر خوێنە و کاری موزیکی لەلایەن خەلیل عەبدوڵڵا ئەنجام دراوە و کاری وێنەگرتنی لە ناو سروشتی کوردستاندایە راسان جەلال و سەباح ئەحمەد کردوویانە.

بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمەی هونەرمەند عەدنان کەریم لە کاتێکدایە کە رۆژانی ٩ و ١٠ مانگی داهاتوو لە تەلاری هونەر لە سلێمانی کۆنسێرتێک ئەنجام دەدات و رۆژی ١٤ مانگیش لە هەولێر کۆنسێرت ئەکات.

عەدنان کەریم لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری کەرکووک لەدایکبووە. بەهۆی بارودۆخی سیاسی و کۆچی دوایی باوکی لە تەمەنێکی پێشوەختەدا، خێزانەکەی ناچار دەبن ڕوو لە شاری سلێمانی بکەن.

- لە ساڵی ١٩٧٩ یەکەمین کاری هونەریی خۆی لە تەلەفزیۆنی کەرکووک بە گۆرانیی "شەوێ کاتێ ستێرەکان" تۆمار دەکات.

-لە ساڵی ١٩٨٠ دەچێتە بەشی شێوەکاری لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و لەوێ خوێندن تەواو دەکات.

-لە ساڵانی هەشتاکاندا، لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی هاوڕێی، تیپی مۆسیقای "نەورۆز" دادەمەزرێنن و پێکەوە کار دەکەن، دواتریش دەبێتە ئەندام لە تیپی مۆسیقای سلێمانی کە یەکێک بوو لە گرنگترین ناوەندە هونەرییەکانی ئەو سەردەمە.

لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا و بەهۆی نالەباریی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی کوردستان، عەدنان کەریم ڕوودەکاتە هەندەران و لە وڵاتی سوید نیشتەجێ دەبێت. لەوێش دەستبەرداری هونەر نابێت، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە خوێندنی ئەکادیمیی مۆسیقا (تۆمارکردنی دەنگ و مۆسیقای ڕۆژئاوایی) و ئەمەش وا دەکات دیدگای هونەریی فراوانتر بێت.

عەدنان کەریم خاوەنی چەندین ئەلبوومی مۆسیقیی شاکارە کە لە ناو دڵی خەڵکدا پێگەیەکی تایبەتیان هەیە، لەوانە:

-ڕاز ١٩٩٥
-شەوی یەڵدا ١٩٩٩
-ئەرێ بەوێنەی ٢٠٠٢
-شنەی با ٢٠٠٦
-وەفایی ٢٠١٠
-خاتوون ٢٠١٤
-بایەک دێ




PM:03:03:29/06/2026