دەرکەوتنی "زێندایا"،
ئەکتەری ناوداری ئەمریکی لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی فیلمی "ئۆدیسە" بە جووتێک
گوارەی دروستکراو لە زێڕی ٣٠٠٠ ساڵەی قەڵای زیویەی سەقز، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی، ڕەخنە
و کێشەی یاسایی لەنێوان شوێنەوارناسان و مێژوونووسانی جیهانیدا دروست کردووە.
گوارەکانی زێندایا لە
فەرشی سوور و ڕەخنەی شوێنەوارناسان
لە میانی گەشتی ڕاگەیاندنی
فیلمی نوێی "ئۆدیسە"
(Odyssey) لە لەندەن، زێندایا
بە گوارەیەکەوە دەرکەوت کە پێکهاتبوو لە دوو پەڕەی زێڕینی سەردەمی هەزارەی یەکەمی
پێش زایین و هی گەنجینەی زیویەن، کە لەلایەن زێڕنگەری بریتانی گلێن سپیرۆ لەگەڵ ئەڵماس
و زێڕی عەیارە ١٨ تێکەڵ کرابوون.
پڕۆفیسۆر سوسەن بابایی،
مامۆستای مێژووی هونەر لە پەیمانگەی کۆرتۆڵدی لەندەن ڕایگەیاند، ئەم ئاسەوارانە بەهایەکی
ڕۆحی و کەلەپووریی جیهانییان هەیە و بەکارهێنانیان وەک "خشڵی ئارایش" لە
فەرشی سووردا، بەتاڵکردنەوەیانە لە هەر جۆرە مانایەک و ئاساییکردنەوەی بازرگانیکردنە
بە شوێنەوارە تاڵانکراوەکان.
پەرچەکرداری گالەرییەکە
و لایەنی تاریکی خاوەنداری
گالەریی "بارۆن لەندەن" (Barron London) کە گوارەکانی دابین کردبوو، ڕایگەیاند کە پەڕە زێڕینەکان
بە ڕێگەیەکی ڕاگرتنی هاوچەرخ و بێزیان بەکار هێنراون و ئامانجیان بازرگانی نەبووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان،
ئەم گالێرییە لە ساڵی ٢٠٢٠دا پارچەکانی کڕیوە، بەڵام پێشینەی خاوەنداری و چۆنیەتی
دەرهێنانیان لە ئێران نادیارە.
منداڵانی ناوچەکە لە دەیەی ١٩٤٠دا گەنجینەکەیان دۆزییەوە و تاڵانیان
کرد و دواتر ئەو ئاسەوارانە چوونە بازاڕە ڕەشەکانی جیهانەوە.
مێژووی قەڵای زیویە و
گومانی ساختەکاری
قەڵای زیویە کە دەکەوێتە
سەر دۆلێکی بەرز لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوەندێکی گرنگی سەربازیی سەردەمی
ئاسن بووە و پەیوەندی بە شارستانیەتی ماناییەکان، ئۆراتۆ و مادەکانەوە هەبووە.
چیرۆکەکەی بۆ ساڵانی ١٩٤٦-١٩٤٧ دەگەڕێتەوە؛ کاتێک دەوترێت
بەهۆی هەرەسهێنانی گردێکەوە، گوندنشینان یان شوانێک دەفرێکی برۆنزیی پڕ لە زێڕ و زیویان
دۆزیوەتەوە و دواتر پارچەکانیان بڕیوە، تواندوویانەتەوە یان فرۆشتوویانە.
بەهۆی نەبوونی بەڵگەی
زانستی، جیاوازیی زۆر لەسەر ساڵی دۆزینەوە، شوێن و تەنانەت ڕاستیی بوونی گەنجینەکەش
هەیە.
لە ساڵی ١٩٤٨، ئاندرێ
گۆدارد (بەڕێوەبەری شوێنەواری ئێران) لەگەڵ بازرگانێک بە ناوی ئەیوب ڕەبنو بڵاویان
کردەوە کە ئەم ئاسەوارانە لە سەقز و دواتر دیاریکراوتر لە زیویە دۆزراونەتەوە.
دواتر سەدان پارچە بە
ناوی زیویەوە فرۆشران؛ بە جۆرێک شوێنەوارناس ڕۆمان گێرشمان پێشبینیی زیاتر لە ٦٠٠
پارچەی کرد و بە گۆڕی شازادەیەکی سکیتیی زانی، لە کاتێکدا توێژەرانی دیکە بە حەشارگەیەکی
ماناییەکان یان گۆڕی فەرمانڕەوایەکی مادیان دەزانی.
پەرتەوازەیی کەلەپووری
زیویە لە مۆزەخانەکانی جیهاندا
ئێستا پارچەکانی گەنجینەی
زیویە لە نێوان مۆزەخانەی نیشتمانیی ئێران، مۆزەخانەی پارێزگای سنە، مۆزەخانەی بەریتانی،
لۆڤەر و میترۆپۆلیتاندا دابەش بوون.
پارچەیەکیشی مۆزەخانەی
میترۆپۆلیتان بەشێکە لەو قاپە زێوەی کە جەستە سەرەکییەکەی لە مۆزەخانەی نیشتمانیی
ئێران پارێزراوە.
شوێنەوارناسان جەخت دەکەنەوە
کە دروستکردنی گوارە بۆ زێندایا بە بەکارهێنانی ئەو زێڕانە، دۆسیەی تاڵانکاری و بەقاچاخدانی
ئاسەوارە دێرینەکانی کوردستانی جارێکی دیکە کردووەتەوە.