هاوژینی رەفیق سابیر کۆچی دوایی کرد

هاوسەری ئەدیب و شاعیری بەناوبانگی کورد، (د.رەفیق سابیر) لەوڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.

 

لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، نوسەر و ئەدیب و شاعیری ناسراوی کرود د.رەفیق سابیر بڵاویکردەوە کە ئێکای هاوسەری کۆچی دوایی کردوە.

 

رەفیق سابیر شیعرێکی تایبەتی بەبۆنەی کۆچی دوایی هاوژینەکەی بڵاوکردۆتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 

ئاوێزانبوون
تۆ ده‌زانیت ئێمه‌ له‌ کوێن؟
چه‌ند دوور چوین و 
به‌ره‌و کوێ باڵمان گرتووه‌؟
تۆ ده‌زانیت ئه‌شق ‌تا کوێ 
ئێمه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی بردووه‌؟
ئێمه‌ رۆحمان به‌ یه‌کتری سپاردووه.‌

قه‌ت ناپرسم له‌ کوێ بوویت و بۆ کوێ ده‌چیت 
له‌ هه‌رجێ بیت ئاساییه. 
چه‌ند لێم دوور بیت
هه‌ر نزیکیت دووری چییه‌؟
گه‌ر به‌ جه‌سته‌ لای من نه‌بیت
لە هەرکوێ بیت گرنگ نییه
هه‌ر تۆ شاد بیت به‌رگه‌ ده‌گرم
‌جه‌سته‌ چییه‌!
‌‌ئێمه‌ رۆحمان تا هه‌تایه‌ 
ئاوێزانی یه‌کترییه.

 

دکتۆر رەفیق سابیر قادر لە ساڵی 1950 لە شاری قەڵادزێ/ پارێزگای سلێمانی، لەدایک بووە.
خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لەوێ تەواو کردووە.
لە ساڵی1970- 1974 لە زانکۆی بەغدا، کۆلێجی ئەدەبیات، بەشی زمان و ئەدەبی کوردی، خوێندوویەتی.
لە هاوینی ساڵی 1972 تا ئەیلوولی 1978 وەک رۆژنامەنووس، لە رۆژنامەی بیری نوێ، لە بەغدا، کاری کردووە.
لە ساڵی 1976 یەکەمین کۆمەڵەهۆنراوەی بەناوی (پشکۆکان دەگەشینەوە) لە بەغدا بڵاو بۆتەوە.
لە سەرەتای ساڵی 1981 لە شاخ لەگەڵ کۆمەڵیک نووسەر یەکیتیی نووسەرانی کوردستانیان دادەمەزراندووە، هەروا گۆڤاری (نووسەی کوردستان) یان دەرکردووە.
لە هاوینی ساڵی 1982 دوای پەرەگرتنی شەڕی براکوژی، کوردستانی بەجێ هێشتووە و چۆتەوە بۆ بوڵگارستان. لەوێ لە ئەکادێمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەشی فەلسەفە، درێژەی بە خوێندن داوە.
لە هاوینی ساڵی 1987 بڕوانامەی دوکتۆرای لە فەلسەفە وەرگرتووە. دوکتۆرنامەکەی بە ناوی (رۆڵی کولتوور لە پێکهێنانی هۆشیاریی نەتەوەیی کورد) نووسیوە.
لە ناوەڕاستی ساڵی 1989 وەک پەنابەر لە وڵاتی سوێد نیشتەجێ بووە.
لە بەهاری ساڵی 1991تا سەرەتای ساڵی 2001 لەگەڵ بەڕێزان د. کەمال میراودەلی، هاشم کۆچانی و کاروان عەبدوڵڵا، گۆڤارێکی کولتووریی وەرزییان بە ناوی (رابوون) لە سوێد دەرکردووە.
لە ساڵی 2006 لە سلێمانی سەرۆکی مەڵبەندی کوردۆلۆجی بووە.
لە ساڵی 2001 خەڵاتی ئەدەبیی (کلاس دی ڤیلدێ)ی سوێدی پێ بەخشرا. ئەو خەڵاتە ئەدەبییە دوو ساڵ جارێک بە نووسەرێکی بیانی دەدرێت، کە بەرهەمەکانی بە سوێدی بڵاو کرابنەوە.
لە ساڵی 2007 خەڵاتی ئەدەبیی (مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد)ی لە سلێمانی پێ بەخشرا.
هۆنراوەکانی رەفیق سابیر بۆ چەندان زمانی بیانی تەرجومە کراون، لەوانە عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، فڕەنسی، سوێدی، دانمارکی، نەرویجی، هۆڵەندی و ئیستۆنی.
لە ساڵی 2009-2001 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە. دوای دوو ساڵ دەستی لە کارەکەی بەرداوە.
ئێستا(2019) لە سوێد دەژی.

 



PM:02:14:05/01/2021