ئێران زیادکردنی هەناردەی غازی بۆ عێراق ڕاگەیاند

كۆمپانیای غازی ئێرانی ئەمڕۆ دووشەممە، زیادبوونی هەناردەی غازی بۆ عێراق راگەیاند. 

محەمەد ڕەزا جولائی بەڕێوەبەری کاروباری دابەشکردنی کۆمپانیای غازی ئێران لە میانی کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی کارەبای عێراق لە شاری ئەسفەهانی ئێران ڕایگەیاند" پەیوەندی ئێران لەگەڵ عێراق ستراتیجییە". 

جولائی ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق لەسەر گرێبەستی هەناردەکردنی غاز ئەنجامدراوە، هەروەها لەم کۆبوونەوەیەدا پرسی تەکنیکی بۆ بابەتی غاز تاوتوێ کراون.

لە درێژەی قسەکانیدا محەمەد ڕەزا جولائی باسی لەوەشکرد، بە لەبەرچاوگرتنی بڕی بەکارهێنانی غاز لە شەش مانگی ڕابردوو و بڕی پێویستی غازی سروشتی لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا، ڕێوشوێنی تەکنیکی و کارپێکردنی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک لە هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق دروست نەبێت. 

جەختیشیکردەوە، دەستکراوە به‌زیادكردنی غاز بۆ عێراق تا به‌پێی پێویستی ئه‌و وڵاته‌ غاز هه‌نارده‌ بكه‌ن. 



PM:09:35:10/10/2022