لە بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا زیاتر لە ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە (نوێکرایەوە)

ژمارەی قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە چەند شارێکی تورکیا و سوریای گرتەوە بەرزبووەوە و پانتاییەکەی گەیشتە چەند وڵاتێکی دەوروبەری.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەیەی تورکیای گرتەوە، بەرزبووەوە بۆ ٧٦ کوژراو و نزیکەی ٤٤٠ بریندار.

هەروەها لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستی سوریا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند" ژمارەی قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەیەی باکووری وڵاتەکەی گرتەوە، بۆ نزیکەی ٩٠٠ کەس بەرزبووەتەوە". 

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکی کورتدا ئاماژەی بەوەشکردووە" تا ئێستا ٢٣٧ کەس گیانیان لەدەستداوە، و زیاتر لە ٦٣٩ کەسی دیکەش لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەی کە پارێزگاکانی حەلەب و لازقیە و حەما و حەمەی گرتەوە بریندار بوون". 

هاوکات لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیە دەیان باڵەخانە لە تورکیا و سوریا داڕما، کە بەهەمان شێوە گەیشتە عێراق، لوبنان، میسر، قوبرس و وڵاتانی دیکە.

سەنتەری لێکۆڵینەوەی زانستە جیۆلۆجییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بوومەلەرزەکە لە قووڵای (١٠) کیلۆمەتر لە نزیک شاری کەهرامانمەڕەش لە باشووری تورکیا ڕوویداوە.



AM:09:14:06/02/2023