ئەمڕۆ شەممە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٤ لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی یەمەن کە دەکەوێتە دەریای سوورەوە بە مووشەک کەشتییەکی نەوت هەڵگر کرایە ئامانج کە ئاڵای پەنەمای هەڵگرتبوو.
دامەزراوەی چاودێری ئاسایشی دەریایی بەریتانیا ناسراو بە (ئیمبری)، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" کەشتییەکی نەوت هەڵگر ئەمڕۆ لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کەناراوەکانی یەمەن کە دەکەوێتە دەریای سوور بە مووشەکێک کراوەتە ئامانج".
ئاماژە بەوەشکراوە، کەشتییەکە ئاڵای (پەنەمای) هەڵگرتووە و چەکدارانی حوسییەکانی یەمەن هەستاون بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیانێکی زۆری ماددی بەر کەشتییەکە کەوتەوە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، حوسییەکانی یەمەن وەک پاڵپشتییەک بۆ بزوتنەوەی حەماس، هێرشدەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵیشەوە ئەمەریکا و بەریتانیا چەندین جار هێرشیانکردووەتە سەر حوسییەکانی یەمەن.