لەسەر دۆخی پێشمەرگە ئەمەریکا هۆشدار دەدات

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی هاوپەیمانان هۆشداریان داوە لە ڕێکنەخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ ی سەربە یەکێتی و پارتی لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەوەی گەر یەکنەخرێنەوە پاڵپشتییەکانیان ڕادەگرن.

دەنگی ئەمەریکا لە زاری سەرچاوەیەکی باڵاوە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەنەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، ڕاگەیاندووە،"ئەمەریکاو هاوپەیمانان حکومەتی هەرێمی کوردستانیان ئاگادارکردووەتەوە، گەر تا ساڵی ٢٠٢٦ هێزەکانی ٧٠ و٨٠ ی یەکێتی و پارتی لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێکنەخرێنەوە، پاڵپشتییە سەربازی و داراییەکانیان ڕادەگرن."

ڕۆژی ٢١ ی مانگی ٦ ی ٢٠٢٣، شاندێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بەسەرۆکایەتی دانا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەشاری هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و هەندێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەدا کۆبوویەوە.دواتر لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتیش کۆبوویەوەو لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گفتووگۆیانکرد.

سەرچاوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت،"هاوپەیمان دەڵێن هێزی ٧٠ و ٨٠ حزبین و ئەوان پاڵپشتی هێزی حزبی ناکەن، دەبێت ئەو هێزانە بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگەو ڕێکبخرێنەوە."

لەساڵی ٢٠١٨ هێزەکانی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم ڕێککەوتن لەسەر پرۆژەیەکی ٣٦ خاڵی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمەشکرایە مەرج بۆ پاڵپشتییە سەربازی و داراییەکانی هاوپەیمانان بۆ ئەو وەزارەتە.

تا ئێستا ٢١ لیوا لە هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ ی سەربە یەکێتی و پارتی لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێکخراونەتەوە، کە دەکاتە یەک لەسەر چواری کۆی ئەو دوو هێزەی سەربە یەکێتی و پارتین.





AM:01:10:26/05/2024