"هێرشکردنە سەر کۆمپانیاکان توانای عێراق بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی لاواز دەکات"

باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق رایدەگەیەنێت" هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان توانای راكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ عێراق لاواز دەكات". 

ئەلینا رۆمانۆوڤسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" سەركۆنەی ئەو هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر كۆمپانیا نێودەوڵەتی و ئەمریكا لە عێراق دەكەین و داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكەین بە تەواوی لێكۆڵینەوە لەو كەسانە بكات كە بەرپرسیارن لە هێرشەكان و ئەوانەی بەرپرسن لە بەردەم دادگادا سزا بدرێن و رێگری لە هەر هێرشێكی داهاتوو بگرێت". 

ڕاشیگەیاندووە" ئەم هێرشانە ژیان و موڵكی عێراقییەكان دەخەنە مەترسییەوە و دەتوانێت توانای عێراق لاواز بكات لە راكێشانی وەبەرهێنانی بیانیدا بۆ نێوخۆی وڵات، ئێمە بەردەوام پابەندین بە هاوبەشی گشتگیری نێوان ئەمریكا و عێراق بۆ بنیادنانی دەرفەت و خۆشگوزەرانی ئابووری بۆ هەموو عێراقییەكان". 

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ
 بە بۆمب هێرشکرایە سەر کۆمپانیای کەترپیلەری ئەمریکی و پەیمانگای پەروەردەی کامبریجی بەریتانی لە بەغداد. 


PM:03:21:30/05/2024