تا ئێستا حەوت کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران کاندید کردووە

ژمارەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامی هەیە و ئەمڕۆش هەینی ٣١ی ئایاری ٢٠٢٤ دوو کەسی دیکە بۆ ئەو مەبەستە ناوی خۆیان تۆمارکرد و بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ ئەو پۆستە خۆیان کاندید کردووە گەیشتە حەوت کەس. 

ئەمڕۆ لە دووەمین رۆژی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران، عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان و راوێژکاری ئێستای عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بەشێوەیەکی فەرمی ناوی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران تۆمارکرد. 

هەروەها هەر ئەمڕۆ سەعید جەلیلی دانوستانكاری پێشووی دۆسیەی ئەتۆمی ناوی خۆی، وەکو کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران تۆمارکرد كە پێشتریش دوو جاری دیكە بۆ ئەو پڕۆسەیە كاندید بووە. 

دوێنێ پێنج شەممە، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران کرایەوە، بەپێی میدیای فەرمی ئێران، تائێستا بە گشتی حەوت کەس ناوی خۆیان تۆمارکردووە کە پێنج کەسیان لە رۆژی یەکەمدا ناوی خۆیان تۆمارکرد بوو.


PM:03:17:31/05/2024