لیستی ناوی کاندیدانی سەرۆکایەتی ئێران بڵاوکرایەوە

وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە لە تۆمارکردنی ناوی کانیدەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، تائێستاش ژمارەی کاندیدەکان بۆ ئەو پۆستە گەیشتوەتە ١٧ کاندید.

ئاژانسى میهرى ئێران بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران، جارێکی دیکە کاندیدبوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار پێشکەشکرد. 

ئاژانسی میهر ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئەمڕۆ ١٧ کاندید داوایان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا پرۆسەکە بەڕێوەبچێت. 

میهر ڕاشیگەیاندووە" لە لیستی کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی شوراو سەعید جەلیلی سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، دوو ناوی دیارن لە ڕەوتی پارێزگاران".

پێشتریش هەریەک لە ئەحمەد رەسوڵی نەجاد پەرلەمانتاری پێشوو و وەحید حەقانیان جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری نوسینگەی رێبەری باڵا، مەسعود بیشکیان وەزیری تەندروستی پێشوو، عەلی رەزا زاکانی سەرۆکی شارەوانی تاران ناوی خۆیان بۆ کاندیدبون تۆمارکرد.

ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران کرایەوە کە بڕیارە رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ئەمساڵ (١٤)یەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران بەڕێوەبچێت. 



PM:01:42:02/06/2024