خاچی سووری ئیتاڵی لەبارەی یەختە نوقومبووەکە زانیاری نوێی ڕاگەیاند

خاچی سووری ئیتاڵی لەبارەی یەختە نوقومبووەکەی نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیا دوایین زانیارییەکانی ڕاگەیاند و دەڵێت" تائێستا تەنها ١٢ کەس رزگارکراون". 
 
کۆنسێتا گیۆفۆرێ لە خاچی سووری ئیتاڵی،  ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند" ئەو بەلەمەی لە نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیا نوقومببوو بەگشتی تەنیا ١٢ کۆچبەریان لە کەناراوی (رۆسێلا جۆنیکا) رزگار کراون کە ژن و منداڵیشیان تێدا بووە". 
 
ئەوەشی خستەڕوو، لەو ١٢ کەسە تەنها یەک ژن بە مردووی دۆزراوەتەوە و ٣ ژن و کچێکی تەمەن ١٠ ساڵیشیان تێدابووە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕووداوەکە لە ئەنجامی تەقینەوەی ماتۆڕی بەلەمەکەوە بووە کە بووەتە هۆکاری ژێرئاوکەوتنی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو بەكر عەلی سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوەکردبوو کە زۆرینەی کۆچبەرانی سەر بەلەمەکە کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و ژمارەیەکی کەمیش خەڵکی ئەفغانستانیان لەگەڵدا بووە. 

ئەوەشی خستەڕوو، بەلەمەکە بە ٦١ کۆچبەرەوە ژێرئاوکەتووە کە ٤٩ کۆچبەری دیکەش تائێستا بێسەروشوێنن. 


PM:12:51:18/06/2024