ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لە پەرەسەندنی مەترسییە جیهانییەکان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێرا.
ئەمڕۆ شەممە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، کە لە ماوەی مانگی حوزەیراندا هەزاران حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا تۆمارکراوە، ١٦٠ کەس زیاتر بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوەکە، تووشبوون و مردن لە ١٨ وڵاتدا تۆمارکراوە و دەرکەوتووە کە ژمارەی تووشبووان لە مانگی حوزەیراندا بە بەراورد بە مانگی ئایار ٪١٤ کەمتر بووە.
٣٢ هەزار و ٤٦٧ حاڵەتی نوێی تووشبوون لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست تۆمارکراون، نزیکەی ١٨ هەزار و حەوت سەد تووشبوو لە ئەفغانستان، زیاتر لە ٦ هەزار و شەش سەد لە یەمەن و زیاتر لە ٥ هەزار و دوو سەد لە پاکستان تۆمارکراون.
بە گشتی ژمارەی تووشبوون لە ماوەی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە ٢٥ وڵاتدا تۆمارکراون گەیشتووەتە ٢٤٩هەزار و ٧٩٣ کەس.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێرای بە "باری نائاسایی ئاستی ٣” زانی، کە هاوتایە لەگەڵ بەرزترین ئاستی ئاڵۆزییەکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوەکەدا هاتووە، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە سەرانسەری جیهان و دابەشبوونی جوگرافیاییان و نەبوونی ڤاکسین و سەرچاوەی دیکە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەردەوامە لە هەڵسەنگاندنی مەترسییە جیهانییەکان.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە جیهان ڕووبەڕووی "کەمییەکی توند”ی ڤاکسینی کۆلێرا لە ڕێگەی دەم-ەوە بووەتەوە، بەو پێیەی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ەوە ١٧وڵات داوای ١٠٢ملیۆن ژەمیان کردووە، لە کاتێکدا لەم ماوەیەدا تەنها ٥١ملیۆن ژەم بەرهەم هێنراوە، لە ٨ی تەمموزی ٢٠٢٤دا، کۆگای جیهانی ڤاکسینی کۆلێرا تەنها گەیشتە ٧.٥ ملیۆن ژەم.
کۆلێرا نەخۆشییەکی مەترسیدارە کە بەهۆی ڤایرۆسی تووشبوونی Vibrio colerae دروست دەبێت، هەوکردنەکە کاتێک ڕوودەدات کە لەگەڵ خۆراک یان ئاودا بچێتە ناو جەستە.