ئەمشەو ئۆلۆمپیادی پاریس لە رێوشوێنێکی ئەمنی توندا دەستپێدەکات

دوایین ساتی خۆ ئامادەکردن بۆ ئۆلۆمپیاد لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆتایی هات و پاش چەند ساتێکی تر ئۆلۆمپیادی هاوینەی ٢٠٢٤ دەستپێدەکات، بەشێک لە شەقام و پردەکانیش داخراون و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان توندکراون وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕووداوێکی بێ وێنە کە ئەویش ئاهەنگی کردنەوەی ئۆلۆپیادە کە بڕیارە ئەمڕۆ لە شێوەی نمایشێکی ئاویدا کە درێژییەکەی ٦ کیلۆمەتر دەبێت لە ڕووباری سینەوە دەستپێبکات.

ماوەی چەند هەفتەیەکە خەڵکی پاریس بەهۆی ئامادەکارییەکان بۆ ئۆڵۆمپیادی هاوینە، ڕۆژانە ڕووبەڕووی کێشەی گواستنەوە دەبنەوە. هەندێک ناوچەی شارەکە لە ١٨ی تەمموزوە داخراون، ڕێوشوێنی ئەمنی توند بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک سەپێندرا و دەوریەی پۆلیس و هێزی دەرەک لە سەرتاسەری شارەکەدا جێگیرکراون. نزیکەی ٣٠ هەزار ئەفسەری پۆلیس و جەندرمە و ٢٠ هەزار کارمەندی ئاسایش و ١٠ هەزار سەربازی ئۆپەراسیۆنی سەنتینێل کە تایبەتە بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستی، کاردەکەن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ڕۆژانەی یارییەکان.

گۆڕەپانی بەناوبانگی ترۆکادێرۆ کە ڕووی لە تاوەری ئیڤڵ کردووە، لە سەرەتای مانگی ئازارەوە ڕێگەی سنووردار کراوە. ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسی ئاماژەی بەوە کردبوو کە یارییە ئۆڵۆمپیەکان پێویستی بە ڕەخساندنی نزیکەی ١٨١ هەزار هەلی کار بە گشتی هەیە.
زیاتر لە ٤٠ هەزار بەربەست لەسەر شەقامەکانی پاریس دانراوە، کۆی گشتی پۆلیس و کارمەندانی ئاسایش کە کۆنترۆڵی بەڕێوەچوونی یارییە ئۆڵۆمپیەکان دەکەن دەگاتە ٤٥ هەزار کەس، کە ڕۆژانە لە پایتەختی فەرەنسا ئامادەن.

زۆرێک لە پردەکان داخران بە ئامانجی گۆڕینی بۆ سەکۆ بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی کردنەوەیدا، سەرەتا لە پردی ئۆستەرلیتز و سەرجەم پردەکانی سەر دوو دوورگەی پاریسی ڕووباری سێن.

دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ترسیان لەوە هەیە ئاهەنگەکە ببێتە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، قەدەغەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی پاریس بە توندی جێبەجێ دەکرێت و دەسەڵاتداران بە تێکڕا ڕۆژانە شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەگرن.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا نزیکەی پێنج مانگ پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، گوندی ئۆڵۆمپیادی ٢٠٢٤ی لە شاری سانت دێنیس لە جەرگەی پاریس بەردی بناغەی دانا. 



PM:08:14:26/07/2024