واشنتۆن و ئیسرائیل پێشبینی دەکەن سبەینێ ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل

کاربەدەستانی واشنتۆن و ئیسرائیل پێشبینی دەکەن، سبەینێ ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، لە تۆڵەی کوشتنی فوئاد شوکر، سەرۆکی سەربازیی حزبوڵڵا و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی حەماس لە هەفتەی ڕابردوودا.

ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاویکردووەتەوە " بەپێی زانیارییەکان، سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، ژەنەڕاڵ مایکل کوریلا، دوێنێ لە گەشتێکی پلان بۆ داڕێژراودا گەیشتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ بەرگریکردن لە دژی هێرشەکانی ئێران".

پنتاگۆن ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند" کە فەوجێکی فڕۆکەی جەنگی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوازێتەوە، ئەمەش بوونی سەربازی ئەمریکا بەرز دەکاتەوە بۆ یارمەتیدانی بەرگریکردن لە ئیسرائیل و پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا".

بڵاویشیکردووەتەوە" ئیسرائیل و ئەمریکا هاوئاهەنگی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە ئەگەرییەکان، هەروەک چۆن ئێران لە ١٣ و ١٤ی نیسانی ئەمساڵدا سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، و پێشبینی دەکرێت تۆڵەسەندنەوەی ئێران هاوشێوەی ئەو هێرشە بێت، بەڵام بەتایبەتی بە قەبارەیەکی گەورەتر و بە هەماهەنگی لەگەڵ حزبوڵڵا لە لوبنان".

لای خۆشیەوە لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی" ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین و بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکانمان، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا بە توندی لەگەڵ ئیسرائیل وەستاوە و ئامادەیە هەر پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش بکات بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش".

دوای ئەمریکا، فەرەنسا داوای لە هاووڵاتییانی خۆی لە لوبنان کرد، کە وڵاتەکە بەجێبهێڵن بەهۆی مەترسیی پەرەسەندنی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم پێشهاتە دۆخێکی لە ئێستاوە ناجێگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی گفتوگۆی بەپەلە لە نێوان واشنتۆن و ئیسرائیل.





AM:10:29:04/08/2024