تەندروستیی جیهانی بەهۆی پەتای ئاوڵەی مەیمون باری لە ناکاوی جیهانیی راگەیاند

تەندروستیی جیهانی بەهۆی پەتای ئاوڵەی مەیمون باری لە ناکاوی جیهانیی راگەیاند و دەڵێت" بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاوڵەی مەیمون ١٦٠% زیادیکردووە".

تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی،" لیژنەی فریاگوزاریی رێکخراوەکە کۆبوونەتەوە و بۆچوونی خۆیان لەبارەی ئاوڵەی مەیموونەوە پێوتووم، 
بارودۆخەکە لەناکاوی تەندروستیی جیهانییە و بووەتە جێگەی نیگەرانیی نێودەوڵەتی، بۆیە منیش ئەو ئامۆژگارییەم قبوڵکرد".

ئەدهانۆم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاوڵەی مەیمون ١٦٠% زیادیکردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە رابردوو سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەکرد، رۆژی چوارشەممە کۆدەبنەوە وەکو بەشێک دەبێت لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوە و رێگرتن لە مەترسی پەتای مەیمون کە بەشێکی زۆر لەوڵاتانی ئەفریقای هەراسان کردووە.

پەتای ئاوەڵەی مەیمون، نەخۆشییەکی ڤایرۆسی گوازراوەیە کە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بەهۆی بەریەککەوتنی راستەوخۆشەوە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

ئەم نەخۆشییە زۆر زوو دەگوازرێتەوە و لە کاتی بڵاوبوونەوەی سەرەتاییدا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لانیکەم ٤٥٠ کەسی کوشتووە و لە ئێستادا لە بەشێک لە ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا بڵاوبووەتەوە و زانایان نیگەرانن لە خێرایی بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێ و کوشندەییەکەی.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، ئازاری ماسولکە و دەرکەوتنی برین لەسەر پێست لە گرنگترین نیشانەکانی ئەو نەخۆشییەیە.


AM:10:11:15/08/2024