بەهۆی گرژی و ئاڵۆزی لە پەرلەمانی تورکیا پەرلەمانتارێکی دەم پارتی برینداربوو

ئەمڕۆ هەینی ١٦ی ئابی ٢٠٢٤ لە دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی تورکیادا، بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پەرلەمانتاران جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی بریندارکرا. 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دانیشتنی نایاسایی پەرلەمانی تورکیا لەسەر بانگهێشتی هەریەک لە فراکسیۆنەکانی (جەهەپە، دەم پارتی و پارتی کرێکاری تورکیا) بەڕێوەچوو. 

بڕیاربوو لە کۆبوونەوەکەدا ناکۆکییەکانی دادگای باڵا و دادگای دەستوری تورکیا پرسی دیاریکردنی چارەنوسی جان ئاتاڵای پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی کرێکاری تورکیا تاوتوێ بکرێت، بەڵام لە کاتی پێشکەشکردنی وتاری یەکێک لە پەرلەمانتارە کوردەکان بە ناوی ئامەد شکور، پەرلەمانتارانی ئاکپارتی ھێرشیانکردە سەر ئەو پەرلەمانتارە و بەهۆیەوە لە نێوان پەرلەمانتارانی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئاکپارتی شەڕ و ئاڵۆزی ڕوویدا. 

بەهۆی شەڕەکەی پەرلەمانی تورکیاشەوە گوڵستان کۆچی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی بریندارکرا، لە ئێستاشدا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

لە لایەکی ترەوە فوراتنیوز بەمشێوەیە رووداوی هێرشکردنە سەر پەرلەمانتارانی دەم پارتی بڵاودەکاتەوە:

سەرەتا سەرۆکی پەرلەمان بەکر بۆزداغ مافی قسەکردنی دا بە پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) ئەحمەد شیک، پەرلەمانتارەکە ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و گوتی: "هەرکەس لە ئێوە نەبێت پێی دەڵێن "تیرۆریست"، بۆیە بە جان ئاتالایش دەڵێن تیرۆریست. بەم قسانەتان ڕاهاتووین".

بەهۆی ئەم قسانەوە سەرۆکی پەرلەمان بەکر بۆزداغ بۆ ماوەیەک دانیشتنەکەی ڕاگرت، پاش ناوبەرەکە دیسانەوە شیک هەمان قسەی دووبارە کردەوە، بۆیە دووبارە دانیشتنەکە ڕاگیرایەوە.

لەم کاتەدا ئالپای ئۆزالانی ئاکەپەیی هێرشی کردە سەر شیک. سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت هەوڵیدا دەستوەردان بکات، بریندار بوو.

دەم پارتی: لە دۆزە ڕەواکەمان بەردەوام دەبین

هاوسەرۆکانی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغۆللاری بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر هێرشی پەرلەمانتارانی ئاکەپە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە دەسەڵات چارەسەر لە هێرش و  توندوتیژیی جەستەییدا دەبینێت، دەڵێت: "پەرلەمانتارە پیاوەکانی ئاکەپە هێرشیان کردە سەر پەرلەمانتارە ژنەکانمان، ئەمە شەرمەزارییە. ئەم هێرشە قبووڵنەکردنی ئیرادەی گەل و دەستدرێژی سیاسییە. سەرۆکی فراکسیۆنەکەمان و هیچ هەڤاڵێکمان بەرامبەر ئەم هێرشانە پاشەکشە ناکەن".

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لەدەرەوە هێرشی توند دەکاتە سەر ئۆپۆزیسیۆن، ئێستە دەیەوێت هێرشەکە بگوازێتەوە بۆ نێو پەرلەمان، دەڵێت: "ئەو دەسەڵاتەی لە شەقام و گۆڕەپانەکان بەشێوەیەکی چەتەگەرایی و دڕندانە فەرمانی هێرشکردن دەدات، دەیەوێت ئەمە لەڕێگەی پەرلەمانتارەکانیەوە بگوازێتەوە بۆ نێو پەرلەمان. لە کۆبوونەوەی تایبەت بە گەڕاندنەوەی جان ئاتالای بۆ پەرلەمان، ئاکەپەییەکان بۆ بێدەنگکردنی ئۆپۆزیسیۆن و درێژەدان بە نادادی، لە کورسی پەرلەمانەوە هێرشیان کردە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن. دووپاتی دەکەینەوە، بەرامبەر ئاکەپییەکان بەرخۆدان دەکەین. ئەم زیهنیەتەی هێرش دەکاتە سەر پەرلەمانتاران و مامەڵەی نادادپەروەرانە دەکات، شەرمەزار دەکەین. باجەکەی هەرچی بێت، بەردەوام دەبین لە دۆزە ڕەواکەمان و دۆزەکەمان لەپێناو دیموکراسی و دادپەروەری و ئاشتی".

ئۆزەل سەردانی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت‌ـی کرد

سەرۆکی گشتی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل سەردانی سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کیلیچ کۆچیگیتی کرد کە ڕووبەڕووی هێرشی پەرلەمانتارانی ئاکەپە بووییەوە. هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغۆللاری پێشوازیان لە ئۆزەل کرد. کۆبوونەوەکە لە هۆڵی فراکسیۆنی دەم پارتی ئەنجامدرا و ئۆزەل هیوای سەلامەتی بۆ گوڵستان خواست.

ئۆزەل جەختی کردەوە، ئەم هێرشانە قبووڵ ناکەن.




PM:06:07:16/08/2024