رۆژنامەی واشنتن پۆست نهێنی هێشتنەوەی هێزێکی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات


ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە، ڕێککەوتنی سەرەتایی نێوان واشنتۆن و بەغدا سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا کەراوەو  مەرجێکی هێشتنەوەی هێزێکی بچووکە لە هەرێمی کوردستان کە ئەرکی دابینکردنی گەرەنتی ئەمنییە بۆ کورد لە بەرامبەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران.

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی سەربازی عێراقیەوە بڵاویکردەوە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەکاتی قسەکردن لەسەر ئەو پلانانەی کە تا ئێستا ڕانەگەیەندراون و وتوویەتی " پێشبینی دەکرێت ئەمریکا هێزێکی سەربازیی بچووک لە ناوچە هەرێمی کوردستان بهێڵرێنتەوە تا ناوچەکە بپارێزێت".

ئەمەریکا نزیکەی ٢٥٠٠ سەرباز لە عێراق و نزیکەی ٩٠٠ سەربازیشی لە سوریای دراوسێ جێگیر کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییەی لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دامەزرێنراوە، هاوپەیمانییەکە هێزەکانی وڵاتانی دیکەش بەتایبەتی فەرەنسا و بەریتانیای لە خۆگرتووە.

هەفتەی ڕابردووش ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد کە واشنتۆن و بەغدا لەبارەی پلانێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.

ئەو سەرچاوانە ڕوونیان کردەوە کە پلانەکە بریتییە لە ڕۆیشتنی سەدان هێزی هاوپەیمانان تا مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ و ئەوانی تریش تا کۆتایی ساڵی دواتر.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ڕێککەوتنی بەرفراوان لەسەر ئەو پلانە هەبووە و چاوەڕێی ڕەزامەندی کۆتایی هەردوو وڵات و دیاریکردنی وادەیەک بۆ ڕاگەیاندنی، بەڵام بەهۆی بە ئامانج گرتنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عەین ئەسەد راگەیاندنەکە دواخرا.




PM:08:32:13/09/2024