جارێکی دی گومانەکانی نەمانی قائانی تازە دەبێتەوە


لە مەراسیمێکدا کە دەبوایە ئیسماعیل قائانی ئامادەبوایە، بەڵام ئامادە نابێت و بە ناردنی پەیامێک بەشداری دەکات، ئەمەش دەبێتە سەرلەنوێ پرسیارکردن لەسەر چارەنووسی فەرماندەی سوپای قودسی ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران لە زاری ئیبراهیم جبوری، ڕاوێژکاری فەرماندەی سپای پاسدارانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سپای قودس، کە سەرپەرشتی چالاکییەکانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی وڵات دەکات، باشە و بەم نزیکانە مەدالیایەک لە عەلی خامنەیی ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی وەردەگرێت.

چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی جێگرەکەی، ئیرەج مەسجدی، پشتڕاستی کردەوە کە باشە و تەندروستی باشە، داوای لێبوردنەکەی قائانی دوو ڕۆژ لەمەوبەر بەهۆی بەشدارینەکردنی لە کۆنفرانسی "حەوتەمین هاوپشتی نێودەوڵەتی لەگەڵ منداڵانی فەلەستین" کە لە تاران بەڕێوەچوو، گومانی زیاتری لێکەوتەوە.

وتەبێژی کۆنفرانسەکە پەیامەکەی قائانی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە فەرماندەی سوپای قودس سڵاوی خۆی ئاراستەی هەموو ئامادەبووان دەکات، داوای لێبوردنیش دەکات بەهۆی نەتوانینی بەشداریکردن بەهۆی "کۆبوونەوەیەکی گرنگ"ەوە، وەک خۆی دەڵێت.

ئەم غیابییە کە بە پەیامێکی سەیر جێگەی گرتەوە، بووە هۆی ئەوەی کە لە ئێراندا قسە و باسێکی زیاتری لە سەر چارەنووسی ئەم سەرکردەیە فراوانتربێت و ببێتەوە بە رۆژەڤ.

لە دوای کوژرانی حسن نەسروڵا سەرکردەی حزبوڵای لوبنانی، قائانی بە نهێنی سەردانی لوبنان کردووە و لەو دەمەوە لە میدیاکانەوە دەرناکەوێت، ئاژانسی رۆیتەرزیش سەرەتای هەفتە لە زاری دوو بەرپرسی ئێرانەوە هەواڵێکی بڵاوکردەوەو باسی لەوە کرد کە ماوەی چەند رۆژێکە قائانی پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران پچڕاوە. 




PM:04:22:09/10/2024