سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و چۆنییەتی وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی ئێرانیان تاوتوێ کرد.
ئاژانسی ئاکسیۆس بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی چۆنییەتی وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل ،پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان نەتانیاهوو و بایدن لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو نەتانیاهوو لەگەڵ کابینەی حکومەتەکەی و بەرپرسانی باڵای سەربازی و هەواڵگریی وڵاتەکەی کۆبوونەوەی چڕوپڕی ئەنجامداوە بۆ دیاریکردنی کات و چۆنییەتی وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران.
ئاژانسی ئاکسیۆس رایگەیاندووە" بەرپرسانی ئیسرائیل پێیانوایە سوپای وڵاتەکەیان بە دوو رێگا وەڵامی هێرشەکەی ئێران دەداتەوە، لەلایەک هێرشی مووشەکی دەکاتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە و لەلایەکی دیکەوە، هاوشێوەی هێرشەکەی سەر حەسەن نەسروڵا، هێرشێکی مووشەکی دیکە دەکاتە سەر شوێنێکی دیاریکراوی تاران".
بە گوێرەی هەواڵی میدیا جیهانییەکان ، ئیسرائیل هەڵسەنگاندن بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێرانیش دەکات و هەرکات گەیشتنە بڕیارێک جۆ بایدنی لێ ئاگادار دەکەنەوە.
رۆژی ١ـی ئەم مانگە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی ٢٠٠ مووشەکی بالیستی هێرشی کردەسەر پێگە جیاوازەکانی ئیسرائیل، و دوای ئەوە ئیسرائیل رایگەیاند" کە وەڵامێکی توندی بۆ ئێران دەبێت".