فەرماندەیەكی سەربازیی ئێران: هێرشكردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران هەمو هێڵە سورەكان تێدەپەڕێنێت

فەرماندەیەكی سەربازیی ئێران دەڵێت" هێرشكردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمیەكانی وڵاتەكەی، كاریگەریی لەسەر هاوكێشەی جەنگ دەبێت، جەختیشی كردەوە لەوەی، ئەو هەنگاوە هێڵە سورە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەكان تێدەپەڕێنێت".

ڕەسوڵ سنائی ڕاد، فەرماندەی سەربازی ئێران لە دیدارێكدا لەگەڵ ئاژانسی فارس نیوز لەبارەی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمیەكانی ئێران،وتی" هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمیەكان، كاریگەریی لەسەر هاوكێشەی جەنگ و قۆناغی دوای جەنگیش دەبێت و ئەو هەنگاوە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر جۆری پەرچەكرداری ئێران".

ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران، وتیشی" بەدوری نازانێت، ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر ئێران و هەڕەشەی ئەوەشی كرد، ئەگەر ئیسرائیل جارێكی تر كاری خراپ بكات، ئەوا وەڵامدانەوەیان گەورەتر و بەهێزتر دەبێت".

هەر لەو چوارچێوەیدا و بە وتەی ئەو فەماندەیەی نزیک لە رابەری باڵای ئێران، هەندێك لە سیاسیەكانی ئێران، باسی ئەگەری گۆڕانكاریی لە سیاسەتی ستراتیژیی ئەتۆمی وڵاتەكەیان دەكەن و چاودێرانیش ئەو هەنگاوەی تاران، بە هەنگاونان بەرەو دروستكردنی چەكی ئەتۆمی لێك دەدەنەوە.



PM:02:56:12/10/2024