هەرچەندە زۆربەی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر میلیشیا شیعەکان لە رابردوودا لە رێگای هێرشی ئاسمانیەوە بووە، بەڵام شەوی رابردوو ١٣ ی تشرینی یەکەم ئەمەریکا تۆپبارانی بنکە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێرانی لە درێزەوری سوریا کرد.
شەوی یەکشەممە، تۆپخانە قورسەکانی ئەمەریکا لە کێڵگەی کۆنیکۆ لە لادێکانی دێرەزۆر، شوێنەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیان لە گوندی ئەلجوفرە، نزیک فڕۆکەخانەی سەربازی دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردومان کرد.
هەروەها تۆپخانەکانی ئەمریکا بۆردومانی دەوروبەری شارۆچکەکانی خاشام و حەویجە سەقریان لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر کرد.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، مەشق بە تەقەمەنی و چەندان جۆری چەک لە بنکەی شەدادی لە باشووری ئەلحەسەکە بەردەوامەو لە رۆژانی رابردوودا کۆپتەرەکانی ئاپاچی بەشدارییان تێدا کرد کە تا بەیانی ئەمرۆش دووشەممە بەسەر ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.
لە بنکەی ئەلتەنف لە سێگۆشەی سنووری عێراق و سوریا و ئوردن، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی دۆخی ئامادەباشی خۆیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەد، مەشق و ڕاهێنان ئەنجام دەدەن.