ئەردۆغان: ئەنجامدەرانی هێرشەکەی ئەنقەرە لە سوریاوە هاتوون

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایدەگەیەنێت" ئەنجامدەرانی هێرشەکەی ئەم دواییەی ئەنقەرە لە سوریاوە هاتوون، ئێمەش دەچینە ئەوێ بۆ وشککردنەوەی سەرچاوەی تیرۆر". 

ڕجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ هەینی دوای کۆتاییهاتنی كارەكانی لوتكەی گروپی برێكس كە دوێنێ لە روسیا بەڕێوەچوو، لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" هیواخوازین حکومەتی سوریا ڕێبازێکی بنیاتنەرانە بگرێتەبەر بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان". 

وتیشی" داوای لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا کردووە فشار بخاتە سەر دیمەشق بۆ وەڵامدانەوەی بانگەوازەکەی ئەنقەرە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان".

ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ئێمە بڕیارمانداوە تیرۆر لە سەرچاوەکانیەوە وشک بکەینەوە و ئەگەر سەرچاوەکەی سوریا بێت، دەچینە ئەوێ و ئەوەی پێویست بێت دەیکەین". 

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاشیگەیاند" هێرشەکەی ئەم دواییەی ئەنقەرە، لە رێگەی دزەكردنی ئەنجامدەران لە سووریاوە بۆ ناو خاكی توركیا ئەنجامدراوە". 

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا هێرشێکی چەکداری کرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازی ئاسمانی و فڕۆکەوانی تورکیا کە بەهۆیەوە پێنج کەس کوژران و ٢٢ کەسی دیکەش برینداربوون. 

ئەمڕۆش ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) کە یەکەیەکی سەر بە هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)یە بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و وتی" هێرشەکەی ئەنقەرە لەلایەن تیمێکی ئەوانەوە کراوە بە ناوی تابووری نەمران".



PM:03:05:25/10/2024