لەئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکادا لەسنوری مەیادینی سوریا چەکدارێکی گروپە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و ١٠ی تریش بریندار بوون.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانی لەسنوری مەیادین لەپارێزگای دێرەزور بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران چەکدارێک کوژرا و ١٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
ڕوانگەی سووری ڕاشیگەیاندووە، فڕۆکەیەکی جەنگی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێرشیکردووەتە سەر بارەگایەکی سەربازی گروپەکانی ئێران و خاڵێکی چاودێری و پەیوەندی و شوێنێکی تری کردووەتە ئامانج.
هاوکات چەند تەقینەوەیەک لە بیابانی شاری مەیادین لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ڕژێم و گروپەکانی ئێراندا ڕوویانداوە، بەبێ ئەوەی بزانرێت ئەو تەقینەوەیانە چین، هاوکات لەگەڵ فڕینی فڕۆکە جەنگییە نەناسراوەکان بەسەر ئاسمانی ناوچە.