لە چوارچێوەی ململانێكانی تاران و تەلئەبیب، وەزیری نوێی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت: ئێستا دەرفەتێكی گونجاوە بۆ سرینەوەی هەڕەشەكانی سەر ولاتەكەمان و لەناوبردنی دامەرزاوە ئەتۆمییەكانی ئێران.
ئیسرائیل كاتز، وەزیر بەرگریی ئیسرائیل، لە پۆستێكدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێكس رایگەیاند" دەرفەتی پێویستمان لەبەردەستە بۆ گەیشتن بە گرنگترین ئامانجەكانمان ئەوەش نەهێشتن و پوچەڵكردنەوەی سەرجەم هەڕەشەكانە لە حكومەتی ئیسرائیل".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختیشی كردەوە لەوەی، ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ ئەوەی هێرش بكەینە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران.
ئەوەش لە كاتێكدایە، ساڵانێكە ئیسرائیل ئێران بەوە تۆمەتبار دەكات كە هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی دەدات، لەبەرامبەردا ئێران ڕەتیدەكاتەوە نیازی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی هەبێت.
لەلایەكی دیكەوە نوسینگەی ناوبراو بڵاوی كردەوە" هیچ پلانێكیان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس و حزبوڵڵای لوبناندا نییە و تا بەدەستهێنانی ئامنجەكانی ئیسرائیل، بەردەوام دەبن لە شەڕ و ئازادكردنی بارمتەكانیش لەپێشینەی ئامانجەكانی تەلئەبیب".