پێشکەشکارێک و مەسک بۆ وەرگرتنى پۆست لە ئیدارەى نوێی ئەمریکا دەستنیشاندەکرێن

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا هەریەک لە ئیلۆن مەسک و پێشکەشکارێکی فۆکس نیوز کاندید دەکات بۆ وەرگرتنی دوو پۆست لە ئیدارەی نوێی حكومەتەکەی. 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" شانازی دەکەم کە ڕایدەگەیەنم کە پیت هێگسێت بۆ وەزیری بەرگری کاندید دەکەم، پیت کەسێکی توند و زیرەکە، دوژمنانی ئەمریکا دەزانن کە هێزەکانمان جارێکی دیکە گەورە دەبن". 

پیت هێگسێت دەرچووی زانکۆی هارڤاردە و ئەفسەری پێشووی پاسەوانی نیشتیمانی ئەمریکا بووە، جگە لەوەش بۆ ماوەی هەشت ساڵ وەک پێشکەشکار لە کەناڵی فۆکس نیوز کاری کردووە. 

هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ڕایگەیاند" ئیلۆن ماسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکس، بەرپرس دەبێت لە بەڕێوەبردنی وەزارەتی کارایی حکومەت شانبەشانی ڤیڤێک ڕاماسوامی سەرمایەدار". 

ترەمپ لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت" ئەم دوو ئەمریکییە سەرسوڕهێنەرە پێکەوە ڕێگە بۆ ئیدارەکەم دەکەنەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بیرۆکراسی حکومەت، کەمکردنەوەی ڕێسا زیادەکان، کەمکردنەوەی خەرجییە بەفیڕۆدەرەکان، و داڕشتنەوەی دەزگا فیدراڵیەکان کە پێویستە بزووتنەوەی ئەمریکا ڕزگار بکەن". 

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگەدا ترەمپ سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا ڕاگەیاند، لە میانی وتارێکیدا لەنێو لایەنگرانیدا لە ویلایەتی فلۆریدا، وتی" ئێمە نایابترین دەستکەوتی سیاسیمان بەدەستهێناوە، سوپاسی گەلی ئەمریکا دەکەم کە منیان هەڵبژارد". 



AM:10:12:13/11/2024