ئەمریکا پێشنیازی ئاگربەستێکی ٦٠ رۆژی بۆ جەنگی لوبنان دەکات

ئاژانسی فرانس پرێسبڵاویکردووەتەوە کە ئەمریکا پێشنیازی ئاگربەستێکی ٦٠ رۆژی بۆ جەنگی لوبنان پێشکەشکردووە.

بەرپرسێکی باڵای لوبنانی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرێنس پرێسی راگەیاندووە"  رۆژی پێنجشەممە لیزا جۆنسن، باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان پێشنیازەکەی ئەمریکای پێشکەشی نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان و نەبیە بەری، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە کردووە".

بەوتەی بەرپرسە لوبنانییەکە، پێشنیازە ئەمریکییەکە لە پێنج لاپەڕە پێکدێت کە ١٣ خاڵی لەخۆگرتووە، بەڵام وردەکاریی دیکەی لەبارەی خاڵەکان ئاشکرا نەکرد.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ئەگەر لایەنەکان رێکبکەون واشنتن و پاریس راگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە و دواتر ئاگربەستێکی ٦٠ رۆژی دەستپێدەکات و لەو ماوەیەدا سوپای لوبنان لە سنووری باشووری ئەو وڵاتە جێگیردەکرێت.

زانیارییەکە لەلایەن بەرپرسێکی دیکەی لوبنانەوە پشتڕاستکراوەتەوە و ئەوەی بە فرانس پرێس گوتووە، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان داوای سێ رۆژی کردووە تاوەکو هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن.

روونیشیکردەوە، تاوەکو ئێستا ئیسرائیل هەڵوێستی خۆی لەسەر پێشنیازەکە رانەگەیاندووە.



AM:09:17:16/11/2024