وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە، نوێنەری وڵاتەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئیلۆن مەسک کۆبووبێتەوە.
دوای ئەوەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئیلۆن مەسک هاوپەیمانی نزیکی ترەمپ لەگەڵ ئەمیر سەعید ئەیرەوانی نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و کۆبوونەوەی لەو شێوەیە نەکراوە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ شەممە رەتیکردەوە، نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ ئیلۆن مەسک کۆبووبێتەوە.
بەقایی راشیگەیاندووە، بە توندی دەنگۆی ئەو کۆبوونەوەیە رەتدەکەینەوە و سەرسوڕمانی خۆیشی لە هەواڵی میدیاکانی ئەمریکا لەو بارەیەوە دەربڕیوە.
ئیلۆن مەسک ملیاردێری ئەمریکی رۆڵی گرنگی لە سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا هەبوو و بەگوێرەی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز کۆبوونەوە نهێنییەکەی نێوان مەسک و ئەیرەوانی زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاندووە و دوو سەرچاوەی ئێرانیش بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، کۆبوونەوەکەی مەسک و ئەیرەوانی کۆبوونەوەیەکی باش بووە