دەستەی تەحریر شام و گروپەچەکدارەکان، جگە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، تەواوی حەڵەبیان کۆنترۆڵ کرد.
ڕامی عەبدولرەحمان – بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە" نیوەی شاری حەڵەب لەلایەن دەستەی تەحریر شام و گروپە چەکدارەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە".
ئاماژەی بەوەش کردوە، سوپای سوریا لە شارەکە کشاوەتەوە تەنانەت بەبێ تەقاندانی فیشەکێك و ئەنجامدانی هیچ شەڕێك.
ئاشکراشی کرد، گروپە چەکدارەکان گەیشتونەتە قەڵای حەڵەب و هەروەها شارۆچکەی سەراقیبیشیان لە ئیدلب کۆنترۆڵ کردوە کە ناوچەیەکی ستراتیژییە و حەڵەب بە لازقیە و دیمەشق دەبەستێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییە هەواڵییەکان دەستەی تەحریر شام و گروپەچەکدارەکان، جگە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، تەواوی حەڵەبیان کۆنترۆڵ کردوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا بەهۆی پێکدادانەکانەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە چەکدارەکان و سوپای سوریا کوژراون.