ئەمریکا لەناوبردنی کاروانێکی چەک و تەقەمەنی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاند

هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لەناوبردنی ژمارەیەک مووشەک و تانک و گولـلە هاوەنی ڕاگەیاند کە لەسەر بارهەڵگرەکانیان دانرابوون.

مەیجر جەنەراڵ پات ڕایدەر وتەبێژی پنتاگۆن، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەم چەکانە مەترسییەکی ڕوون و نزیک بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دروست دەکەن". (ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش)

ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا لە پرۆسەی دیاریکردنی ئەوەدان کە کێ ئەو چەکانەی بەکارهێناوە، بەڵام دەزانن میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا هەن کە لە ماوەکانی ڕابردوودا هێرشیان ئەنجامداوە.

سوپای ئەمەریکا نزیکەی ٩٠٠ سەرباز لە سوریا و ٢٥٠٠ سەربازیش لە عێراق جێگیر دەکات لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییەی کە لە ساڵی ٢٠١٤دا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێکهێنراوە.



AM:08:53:04/12/2024