میدیاکانی سوریا و میدیای عیبری ڕایدەگەیەنن" تانکەکانی ڕژێمی ئیسرائیل دەستیانکردووە بە چوونە ناو لادێکانی باشووری دیمەشق".
بەپێی هەواڵێکی ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی پاراستن لە نزیک دیمەشق کە نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە چڕبوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە جوڵەیەکی مەیدانی بەرفراواندا، هێزەکانی ئیسرائیل کۆنترۆڵی تەواویان بەسەر چیای هێرمۆن و ناوچەی قونەیترەدا سەپاندووە، بەمەش کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر بەرزاییەکانی جۆلان بەهێزتر کردووە، هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل دەستیان بەسەر شوێنە ستراتیژییە سەربازییەکانی سوریادا گرتووە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە گواستنەوەی چەکی قورس و مووشەکی پێشکەوتوو بۆ گروپە چەکدارەکان.
لای خۆیەوە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاپۆرطیکیدا بڵاویکردەوە کە" هەڵمەتەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بەشێوەیەکی سەرەکی سەروەت و سامانی سەربازی سوپای سوریایان کردووەتە ئامانج و ئەو شوێنانەی هێرشیانکراوەتە سەر خاڵی بوون لە توخمە مرۆییەکان".
ڕوانگەی سوری ڕاشیگەیاندووە" ئەو هەڵمەتانە دامەزراوە و کەلوپەلەکانی پەیوەست بە سوپای سوریا بەتەواوی تێکشکاندووە".
هەر لەمبارەیەوە کۆمپانیای پەخشی ئیسرائیل، ئەمڕۆ سێشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند" ئیسرائیل پێشتر ئەمریکای لە نیازی هێنانە ناوەوەی هێزەکانی بۆ ناو خاکی سوریا ئاگادار کردووەتەوە، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ دژایەتییەک بێتەوە لەلایەن لایەنی ئەمریکییەوە".