ئیسرائیل: دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەئامانج دەگرین

میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی سەربازیی وڵاتەکەوە بڵاویانکردەوە، پاش لاوازبوونی گروپەکانی نزیک لە ئێران و کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا، سوپای ئیسرائیل بیر لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکاتەوە.

راپۆرتێکی ماڵپەری 'تایمز ئۆف ئیسرائیل' ئاماژەی بەوەداوە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. ئیسرائیل گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی لە پاش رووخانی ئەسەد و لاوازبوونی حیزبوڵاوە ئێران هەست بە گۆشەگیریی دەکات و رەنگە هەوڵبدات پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات.

بەرپرسە ئیسرائیلییەکان بە ماڵپەرەکەیان گوتووە، ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا رایگەیاند: ئێران مادەی پێویستی بۆ دروستکردنی ١٢ بۆمبی ئەتۆم لەبەردەستدایە و دۆناڵد ترەمپ لە دیمانەیەک لەگەڵ گۆڤاری تایم ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی نەشاردەوە.




PM:07:07:13/12/2024