"گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە سوریا دۆزرایەوە کە ١٠٠ هەزار تەرمی تێدایە"

سەرۆکی ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی سوریا کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، ڕایدەگەیەنێت" گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە دەرەوەی دیمەشقی پایتەخت دۆزراوەتەوە، لانیکەم ١٠٠ هەزار تەرمی ئەو کەسانەی تێدایە کە لەلایەن حکومەتی بەشار ئەسەد سەرۆکی لەکارلادراوی سوریاوە کوژراون". 

مەعاز مستەفا سەرۆکی ڕێکخراوی فریاکەوتنی سوریا، ئەمڕۆع سێشەممە لە لێدوانێکدا بە ئاژانی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە" ئەو شوێنە لە قوتەیفە ٤٠ کیلۆمەتر لە باکوری پایتەختی سوریاوە دوورە، یەکێکە لەو پێنج گۆڕە بەکۆمەڵانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەستنیشانیان کردبوو". 

سەرۆکی ڕێکخراوی فریاکەوتنی سووریا لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکەن ژمارەى ئەو جەستانەى لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەى نزیک پایتەختدان ١٠٠ هەزار کەس بن.

مەعاز مستەفا وتیشی" بە دڵنیاییەوە گۆڕی بەکۆمەڵ زیاترە لەو پێنج شوێنە، هەروەها کوژراوەکانی سوریاش هاوڵاتی ئەمریکی و بەریتانیا و کەسانی دیکەی بیانیشیان تێدایە". 

هەروەها مستەفا نیگەرانی خۆی لە نەبوونی ئەمنیەتی شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەربڕی و وتی" دەبێت بپارێزرێن بۆ پاراستنی بەڵگەکان بۆ لێکۆڵینەوە". 



AM:10:10:17/12/2024