ئەمڕۆ هەینی ٢٠ ی کانوونی یەکەم شاندێکی باڵای دیپلۆماسی ئەمریکی لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع فەرماندەی گشتی ئیدارەی نوێی سوریا لە دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆبوەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ئەمە یەکەم پەیوەندی فەرمی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و سەرکردە نوێیەکانی سوریایە، ئامانجی کۆبوونەوەکەش هەوڵێکی ئەمەریکییە بۆ تێگەیشتنی واشنتۆن لە پلانەکانی حکومەتی نوێی سوریا.
بە وتەی وتەبێژی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە دیمەشق، ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەی کە بڕیار بوو دوای ئەو کۆبوونەوەکە سازبکرێت، "بە هۆکاری ئەمنی" هەڵوەشایەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە زانیاری ئەوە لە ئارادایە کە مەترسی بە ئامانجگرتنی کۆنگرەکە لە رێگای بۆمبەوە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە بووە.
فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەک لە دەسەڵاتی نوێی سوریا بڵاویکردۆتەوە کە کۆبوونەوەکە "ئەرێنی" بووە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا کە تا ئێستا ئەحمەد شەرع و بەرەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆری ئەمەریکا و زۆرێک لە وڵاتانی رۆژئاوادایە.