واشنتۆن بۆ دیمەشق: دەبێت ڕێگری لە گەڕانەوەی ئێران بکەین

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق ڕایدەگەیەنێت" بەرپرسانی وڵاتەکەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا باسیان لە پێویستی بەردەوامبوون لە شەڕی دژی داعش و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی ئێران بۆ سوریا کردووە". 

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، ڕایگەیاندووە"  بەرپرسانی ئەمریکا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا کۆبوونەتەوە و کۆبوونەوەکەش لە کاتێکدایە کە شاندە عەرەبی و بیانییەکان بەردەوامن لە سەردانیکردنی سوریا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، شاندە ئەمریکییەکە پێویستی پاراستنی هاوڵاتییانی ئەمریکی و دڵنیابوون لە چارەنووسی هاوڵاتییانی بێسەروشوێنکراویان بەرزکردەوە، جگە لە بەردەوامبوون لە شەڕی دژی داعش، هەروەها ڕێگری لە گەڕانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سوریا بکرێت. 

باڵیۆزخانەی واشنتۆن لە دیمەشق ئەوەشی خستەڕوو، نوێنەرایەتیکردنی هەموو سوریاییەکان و دڵنیابوون لە پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر لە نێو ئەو پرسانەدا بوون کە لە کاتی گفتوگۆکاندا باسیان لێکراوە. 

بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سوریا دوای هەفتەیەک لە سەردانێکی شاندێک بە سەرۆکایەتی باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دیمەشق دێت کە لەو ماوەیەدا لەگەڵ فەرماندەی گشتی ئیدارەی نوێی سوریا ئەحمەد شەرع ناسراو بە محەمەد جۆلانی کۆبووەوە. 

ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی بەرپرسانی ئەمریکا بوو لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.

لە ئێستاشدا دوو هەزار سەربازی ئەمریکی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو ناوچانە جێگیرکراون کە سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدەن). 



PM:01:25:31/12/2024