فیدان: پێویستە هێزەکانی هەسەدە هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕابگەیەنێت

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایدەگەیەنێت" پێویستە ڕێکخراوی (هێزەکانی سوریای دیموکرات) هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕابگەیەنێت". 

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە لە میانی کۆبوونەوەی لە ڕیازی پایتەختی سعودیە ڕایگەیاند" رۆژ دوای رۆژ ئاماژەکانی ئاساییبوونەوەی دۆخی سووریا روونتر دەبنەوە". 

وتیشی" لەم دۆخە هەستیارەدا دەبێت لە نێوان چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو دۆخەی حکومەتی نوێی سووریا دووچاری بووەتەوە، هاوسەنگییەکی ورد دروستبکەین و وەک هێزێکی هاوسەنگ مامەڵەبکەین". 

هاکان فیدان ڕاشیگەیاند" گەورەترین بەرپرسیارێتی وڵاتانی ناوچەکەی لە ئاڕاستەکردنی پێشهاتەکانی سوریا بە ئاراستەی ڕاستدا گرتە ئەستۆ، هەوڵەکانیش لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەروەری سوریا چڕ دەبنەوە". 

فیدان دەشڵێت" لەم قۆناغە هەستیارەدا دەبێت وەک هێزێکی هاوسەنگ لە نێوان چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو واقیعانەی کە بەردەم ئیدارەی نوێ لە سووریا دادەنرێت، هەڵسوکەوت بکەین".

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە درێژەی پەیامەکەیدا وتی" دەکرێ میکانیزمێک یان لیژنەکانی هەماهەنگی دابمەزرێنین بۆ ئەوەی هەوڵەکان کاریگەرتر بن". 

جەختیشی لەوە کردەوە کە" پێویستە ڕێکخراوی (هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە) هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕابگەیەنێت، ئەگەر لە هەوڵەکانی بۆ یەکگرتنەوەی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی سوورە، ئەوا پێویستە هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕابگەیەنێت، هێشتا ڕێکخراوەکە مەترسییەکی جددی دروست دەکات". 



PM:06:30:12/01/2025