ئەنجومەنی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان: لە ساڵی ٢٠٢٤ دا زیاتر لە ٣٦١ ڕۆژنامەنوس زیندانی کراون

ئەنجومەنی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان، ئامارەکانی گرتن و سزادانی ڕۆژنامەنوسانی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بڵاو دەکاتەوە و هۆشداریش دەدات لە دۆخی مەترسیداری ڕۆژنامەنوسان..

ئەنجومەنی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان لە ڕاپۆرتێکدا، ئاشکرای کرد: تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤، ژمارەی ڕۆژنامەنوسانی زیندانیکراو لە جیهاندا گەیشتوەتە ٣٦١ ڕۆژنامەنووس.

ئەنجومەنەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردوە: چین بە ٥٠ ڕۆژنامەنوسی زیندانیکراو لە پلەی یەکەمی ریزبەندیی ئەو وڵاتانەدایە کە زیاترین ڕۆژنامەنوسیان زیندانی کردوە.

هەر لە راپۆرتەکەدا هاتوە، بۆ یەکەمجار، ئیسرائیل بە ٤٣ ڕۆژنامەنوسی زیندانی، پلەی دوەمی زیاترین زیندانیکردنی رۆژنامەنوسانی بۆ خۆی تۆمار کردوە.

ئەنجومەنی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان دەڵێت: لە بۆرما ٣٧ ڕۆژنامەنوس زیندانی کراون و بیلاڕوس و روسیاش بە ٣١ و ٣٠ ڕۆژنامەنوسی زیندانیکراو لە پلەکانی چوارەم و پێنجەمی ریزبەندییەکەدان.

ئەنجومەنەکە، هۆشداریش دەدات لە زۆربونی گرتنی ڕۆژنامەنوسان و ئاشکرای دەکات ئەو ڕێژەیە تەنها لە ئاماری ساڵی ٢٠٢٢ کەمترە کە تێدا ٣٧٠ ڕۆژنامەنوس زیندانی کرابون...



AM:10:58:17/01/2025