ئاگرێکی نوێ و خێرا لە لە باشووری لۆس ئەنجلس کەوتووەتەوە

ئاگرێکی نوێ و خێرا لە لۆس ئەنجلس کەوتووەتەوە و نزیکەی ١٤ هەزار کەس فەرمانی چۆڵکردنیان بۆ دەرچووە و ١٥ هەزاری دیکەش هۆشداریی چۆڵکردنیان پێدراوە. 

بە گوێرەی میدیاکانی ئەمریکا ئاگرێکی نوێ و خێرا لە نزیک دەریاچەی کاستایک لە باشووری لۆس ئەنجلس، بە دووریی ٦٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکەوە کەوتووەتەوە و هەزاران دانیشتووی شارەکە ناچارکراون ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

دەزگای ئاگرکوژێنەوەی ویلایەتی کالیفۆڕنیا، ئاماژەی بەوەکردووە ئاگرەکە لە ماوەی دوو کاتژمێردا تەشەنەیسەندووە و زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم زەوی سووتاندووە، نزیکەی ١٤ هەزار کەس فەرمانی چۆڵکردنیان بۆ دەرچووە و ١٥ هەزاری دیکەش هۆشداریی چۆڵکردنیان پێدراوە.

تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فڕۆکەکانی ئاگرکوژێنەوەش لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان، بەڵام بەهۆی خێرایی باوە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە و ئاگرەکە بەخێرایی لە تەشەنەسەندندایە.

نزیکەی دوو هەفتەیە ئاگر لە چەند ناوچەیەکی لۆس ئەنجلس کەوتووەتەوە و هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە. بەگوێرەی دەزگای تەندروستیی شارەکە، تاوەکو ئێستا ٣٧ تەرم دەرهێنراونەتەوە و چەندانی دیکەش بێسەروشوێنن. زیاتر لە ٤٠ هەزار دۆنم زەوی سووتاوە، تاوەکو ئێستاش ١٧ کەس بەتۆمەتەکانی پەیوەست بە کردنەوەی ئاگرەکە دەستگیرکراون.



AM:09:37:23/01/2025