سێناتۆرێکی بەناوبانگی پێشوی ئەمریکا، بە ١١ سال زیندانیکردن سزا دەدرێت، دادگا دەلێت"سێناتۆرەکە بەرتیلی وەرگرتوە و دەسەڵاتەکانی بۆ بەرژەوەندی تاکە کەسی بەکارهێناوە".
دادگای شاری نیویۆرک، باب مێنەندز، سیناتۆری پێشوی ویلایەتی نیوجێرسی لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکای بە ١١ ساڵ زیندانیکردن سزا دا، بەهۆی ئەوەی تاوانی وەرگرتنی بەرتیلی ئەنجام داوە لەبەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ژمارەیەک بازرگان کە پەیوەندییان بە میسر و قەتەرەوە هەبوە.
دادوەری دادگاکە ڕاشیگەیاندوە: مێنەندز کە پێشتر سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بوە، دەسەلاتەکانی بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسیی بەکارهێناوە.
باب مێننەندز کە تەمەنی ٧١ ساڵە و بۆ ماوەی ١٨ ساڵ سێناتۆری ولایەتی نیوجێرسی بوە، یەکەم سیناتۆرە لە مێژوی ئەمریکادا کە بە تاوانی خزمەتکردن بە بەرژەوەندی وڵاتێکی بیانی سزا دەدرێت.
مێننەندز کە دوای تاوانبارکرانی لەلایەن دادگای نیویۆرک لە مانگی ئابدا دەستی لە ئەنجومەنی پیران کێشایەوە دەڵێت" تانە لە بڕیارەکە دەدەم".