سەرکردە ئەوروپیەکان لە دژی ترەمپ پاڵپشتی زیلنسکی دەکەن

گومانی تێدا نییە کە ئەو ڕووبەڕووبوونەوە مێژووییەی کە ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی هاوتا ئۆکراینیەکەی ڕوویدا، هەڵوێستی ئەمریکای بە پێچەوانەی پایتەختەکانی ئەوروپا چەسپاندووە کە دەیانەوێت هەنگاوەکانی دەستەبەرکردنی ئاسایش لە ئۆکرانیا بەشێک بن لە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی شەڕەکە.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە لێدوانەکانیدا دوای مشتومڕی توندی نێوان زێلێنسکی و ترامپ وتی" ڕووسیا دەستدرێژکارە و ئۆکراینییەکان ئەو کەسانەن کە هێرشیان دەکرێتە سەر".

ماکرۆن لە پورتوگال لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی" دەبێت ڕێز لەو کەسانە بگرین کە لە سەرەتاوە شەڕیان کردووەو بەرگری دەکەن".

جەختیشی لەوە کردەوە کە هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕاستە کاتێک کە پشتیوانی ئۆکرانیامان کردووە، جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوام دەبێت لەو کارە.

هاوکات ژان نۆئێل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەرەنساش ڕایگەیاند " ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەوروپییەکان هەنگاوی کرداری بۆ پاڵپشتی ئۆکرانیا بنێن".

وتیشی " دەستدرێژکارێک هەیە، ئەویش سەرۆکی ڕووسیا پوتینە، هێرشی کردۆتەوە سەر گەلی ئۆکرانیا، لەبەرامبەر ئەمەشدا، لە پێناو ئاسایشی بەکۆمەڵ، تەنیا یەک پێویستی هەیە، ئێستا ئەورووپایە، کاتی قسەکردن تەواو بووە، کاتی کردەوە هاتووە".

ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش جەختی لەوە کردەوە کە ئۆکرانیا " تەنیا نییە".

دۆناڵد تاسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکی ئۆکرانیا و هاووڵاتیانی "تەنیا نین".

ئەمەش لە پەیامێکدا هات کە دوای ڕووبەڕووبوونەوەی زارەکی تیژی بێ وێنەی نێوان سەرکردەکانی ئەمریکا و ئۆکرانیا بڵاویکردەوە.

لە بەرامبەردا پێدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا ڕۆژی هەینی پەیامێکی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند کە ئیسپانیا لەگەڵ ئۆکرانیا وەستاوە.

جۆناس گاهر ستۆر، سەرۆک وەزیرانی نەرویج ڕایگەیاند" وڵاتەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا وەستاوە، ئەمەش لەلایەن گیتاناس ناوسێدا، سەرۆکی لیتوانیا پشتڕاستکرایەوە، کە ڕایگەیاند، "ئۆکرانیا هەرگیز بە تەنیا نابێت".

هۆڵەندا پشتگیری بەردەوامی خۆی بۆ ئۆکرانیا بۆ درێژترین ماوە و هەرچی تێبچیت دووپاتکردەوە.

ئەم لێدوانە ئەورووپاییەکانیش دوای ئەوە هات کە کۆبوونەوەی ٥٠ خولەکی نێوان هەردوو سەرکردە گۆڕا بۆ ئاڵوگۆڕی قسەو هێرشکردنە سەر یەکتری لەبەردەم ڕۆژنامەنووسان و کامێراکاندا. ترەمپ بە زێلێنسکی وت" لێدوانەکانت بێڕێزین".




AM:12:39:01/03/2025