مانگی ڕابردوو ٩٢ کەس بەهۆی تەقینەوەی مین لە سوریا گیانیان لەدەستداوە

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت" لانیکەم ٩٢ کەس بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراو کە لە شەڕەکەدا بەجێماون، لە ماوەی مانگی شوباتی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە". 

ئەمڕۆ شەممە ١ی ئازاری ٢٠٢٥ ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند" لە ماوەی مانگی شوباتی ڕابردوودا بەهۆی تەقینەوەی ئەو مینە چێندراوانەی کە لە شەڕی سوریا بەجێماون، ٩٢ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ژن و منداڵیشیان تێدایە". 

ڕوانگەکە ڕوونیشیکردەوە، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دیمەشق، ٧٦ کەس کوژراون کە ٣ ژن و ١٧ منداڵن و ٦٨ کەسیش برینداربوون کە ٢٦ منداڵ و ٢ ژن بوون.

سەبارەت بە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئاماژەی بەوەشکردووە، ٥ کەس کوژراون کە ٢ یان منداڵن و ٦ کەسی دیکەش برینداربوون کە ٥ یان منداڵن.

لەو ناوچانەی کە گروپە چەکدارەکانی تورکیا (سوپای نیشتمانی) کۆنتڕۆڵی کردوون، ١١ کەس کوژراون کە دوو منداڵیان هەیە و ١٨ کەسیش بریندار بوون کە ٦ منداڵیان هەیە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ لابردنی پاشماوەی شەڕ لە سوریا، هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق کردوە هاوکاری بکەن و ئاسانکاری پێویست پێشکەش بکەن.



PM:08:18:01/03/2025